خۆشەوی عەزیز لە بەرلین سیمینارێکی هونەری پێشکەش دەکات

هونەرمەند خۆشەوی عەزیز
هونەرمەند خۆشەوی عەزیز

K24 - هەولێر:

لە چالاکیی هەفتانەی خۆیدا، جڤاتی رۆشنبیری ئازاد لە بەرلین، سبەی ئێوارە کاتژمێر 7:30 خولەک، سیمینارێکی هونەری بۆ هونەرمەند خۆشەوی عەزیز رێکدەخات.

لە سیمینارەکەدا چەند هونەرمەندێکی کورد و موزیژەنێکی دیاری ئەم وڵاتە هونەر و داهێنانی هونەری تاوتوێ دەکەن.

هونەرمەند خۆشەوی عەزیز لە سیمینارکەدا دەیەوێت پێشکەوتنەکانی بواری موزیک و کۆنسێرتی سەر شەقام، کە ئەمڕۆ دنیای داگیرکردووە بکاتە تەوەرێک لە سیمینارەکەی و باس لەم ساڵانە بکات، کە لەگەڵ رەوەندی کوردی لە ئەڵمانیا ژیاوە و چەندین پڕۆژەی هونەری لە بەرلین پێشکەش کردووە.

ئەو هونەرمەندە بە کوردستان24ـی راگەیاند: ئامانجی من لە پێشکەشکردنی ئەو چالاکییە هونەرییەدا، بانگهێشتکردنی رەوەندی کوردییە بۆ ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەکی نوێ لە بەرلین و دەرخستنی توانا شاراوەکانی موزیکژەنانی کوردە لە ئەڵمانیا و دووپاتکردنەوەی پێشکەوتنەکانی موزیکە لە نێو کورد و ناساندنی ئەو کولتوور و گەنجینە دەوڵەمەندەی فەرهەنگی کوردییە.

ئاماژەی بەوەشدا، لەڕێی ئەو سیمینارەوە دەیەوێت رۆژێکی هونەری گۆرانی و میوزیکی کوردی لەم شاره دیاری بکەن بۆ ئەنجامدانی کۆنسێرتێکی بەرفراوان لەسەر شەقام، کە ئێستا لەو وڵاتە ئەم هونەرە زۆر باوە و خەڵکانێکی زۆر پشتیوانی لە بەرهەمەکانی سەر شەقام دەکەن، مەرجیش نییە تەنیا گۆرانی پێشکەش بکەن، بەڵکو دەیانەوێت تابلۆ رەنگینەکانی شێوەکارێکی کوردیش لەسەر یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شاره نمایش بکەن.