نوسینگەی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی: شێخ تەنیا لە بۆنەکاندا دەگەڕێتەوە سلێمانی

K24 - هەولێر:
سەبارەت بە دوورکەوتنەوەی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی لە شاری سلێمانی، نوسینگە تایبەتەکەی ئاشکرایکرد، شێخ نەهرۆ بڕیاریداوە تەنها لە بۆنەکاندا بگەڕێتەوە بۆ ئەو شارە، ئەمەش "لە پێناو چاکەی گشتیدا".
نوسینگەی تایبەتی شێخ نەهرۆ بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، سەرەڕای هەوڵەکانی شێخ نەهرۆ بەمەبەستی نێوەندگیری نێوان حزبە سیاسیەکان و باشترکردنی دۆخی هەرێمی کوردستان، بەڵام تاوانبارکراون و تۆمەتیان بۆ دروستکردوون، بۆیە شێخ نەهرۆ بڕیاری داوە سلێمانی بەجێبهێڵێت.
هەر وەک دەنگی ئەمەریکا ئاماژەی پێداوە، لە ماوەکانی رابردوودا، لە پەیجێک بە ناوی"پانۆراما میدیا" چەند ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە لەسەر یەکێک لە کەسە نزیکەکەنی شێخ نەهرۆ بە ناوی "سەربەست ساڵح" کە لە ڤیدیۆکاندا تۆمەتبار کرابوو بە تێوەگلان لە هەبوونی پەیوەندی ژێر بەژێر لەگەڵ پارتی و چەندین تۆمەتی دیکەش.
سەرچاوەیەک لە تەکیەی کەسنەزانی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، "هۆکاری بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیانە لێدان بوو لە کەسایەتی سەربەست ساڵح، چونکە وا بڕیار بوو سەرۆکی ئەو رەوتە سیاسیە بێت کە بڕیار بوو لە ماوەیەکی نزیک رایبگەیەنن و مۆڵەتیشی بۆ وەرگیرابوو."
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، کە سەربەست ساڵح بەرپرسیارێتی کارە بازرگانییەکانی تەریقەت و شێخ نەهرۆی دراوەتێ، ئەمەش هۆیەکی دیکەوە کە وایکرد، بە هەموو شێوەیەک لە تەریقەت بدەن و شێخیش زۆر نیگەران بوو بۆیە دوور کەوتووەتەوە.
هەروەها نوسینگەی تایبەتی شێخ نەهرۆ لە سلێمانی رایگەیاند، "چاودێری بارودۆخەکەمان کرد و بینیمان چاکە و ئیسڵاح لەوەدایە کە لە سلێمانی دوور بکەوینەوە، لەبەرئەوەی کەس باسمان نەکات. شێخ نەهرۆ کەسنەزانیش وای بەباشزانی کە دوور بکەوێتەوە، لەبەر ئەوەی نەیتوانی کە خزمەتی خەڵکەکەمان بکات و دەرفەتیان نەدا کە ئاسودەیی بۆ خەڵک بونیاد بنێت."