گوتەبێژی حکومەتی عێراق: سوودانی بە داوەتێکی تایبەت سەردانی هەولێری کردووە
K24 – هەولێر:
لەبارەی سەردانە رانەگەیەندراوەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی حکومەتی عێراق روونکردەوە دەدات و رایگەیاند، لەسەر داواتی تایبەت بووە.
رۆژی (13ـی تەمموزی 2023)، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، لەسەر داواتی تایبەتی سەرۆک بارزانی، محەممەد شیاع سوودانی سەردانی هەولێری کردووە.
هەروەها باسم عەوادی ئاماژەی بەوەشکردووە، بە یاوەری سەرۆک بارزانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی چەند ناوچەیەکی پارێزگای هەولێری کردووە.
پێشتر کوردستان24 بڵاویکردەوە، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە (13ـی تەمموزی 2023)، سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە کە بە یاوەری چەند بەرپرسێکی کابینەکەی سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و دواتریش سەردانی چەند ناوچەیەکی گەشتیارییان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردووە.
لەلایەن خۆیەوە، بارزان محەممەد، بەڕێوەبەری شنگلبانەی گەشتیاری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە (13ـی تەمموزی 2023)، سەرۆک بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی ناوچە گەشتیارەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیان کرد.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق، کاتەکانی پشووی خۆیان لە ناوچە کوێستان و گەشتیارییە فێنکەکانی هەرێمی کوردستان بەسەر دەبەن.