ئارام نەجمەددین: ئەگەر لایەنە سیاسییەکانی کوردستان رێکبکەون دەتوانین لەسەر ئاستی ناوخۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەببەین
K24 – هەولێر:
بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت:"ئەگەر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام نەدات لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان چارەسەری هەیە. بهرپرسێكی بەشی هەڵبژاردنی پارتیش رایدەگەیەنێت، ئەگەر کۆمیسیۆن مەبەستی بێت دەتوانێت لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش ئەنجام بدات.
کاوە گەردی، کارگێری بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، لایەنە شیعییەکان دەیانەوێت قەوارەی هەریمی کوردستان لاواز بێت، هەروەها گووتی: "بە گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکانی کوردستان دەتوانین پاڵەپەستۆیەک دروستبکەین لەسەر کۆمیسیۆنی عێراق بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت".
گووتیشی: "ئەگەر کۆمیسیۆن مەبەستی بێت دەتوانێت هەردوو هەڵبژاردنەکە بەڕێوەببات".
لەلایەن خۆیەوە، ئارام نەجمەددین، بەرپرسی نوسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ کوردستان24، گووتی: "لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کە زۆرینە پێکدەهێنن ئەگەر بتوانن رێکبکەون لە رووی سیاسییەوە، پێموایە لە هەرێمی کوردستان دەرچەیەک دەبێت بۆ ئەوەی ئێمە لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان پڕۆسەکە بەڕێوەببەین".
26/3/2023، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە فەرمانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەرکرد".
لە فەرمانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاتووە: "18/11/2023 وەکو رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرا".
لە خاڵی دووەمی فەرمانی سەرۆکی هەرێم ئاماژە بەوەکراوە: "گشت لایەنە سیاسییەکان پابەند دەبن بە ئەنجامدانی کاری پێویست بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە".
لە خاڵی سێیەمی ئەو فەرمانەدا ئەوەخراوەتەڕوو: "ئەم فەرمانە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت".