ئەندامێكی پەكەكە 10 ساڵ زیندانی دەكرێت
بەگوێرەی یاسای ئوسترالیاش لە ساڵی 2005وە پەکەکە بە رێکخراوێکی تیرۆرستی دادەنرێت
K24 - ھەولێر
دادگایەکی ئوسترالیا سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەر پەنابەرێکی کورددا سەپاند،بەھۆی ئەوەی ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بووە و بەگوێرەی یاسای ئوسترالیاش لە ساڵی 2005وە پەکەکە بە رێکخراوێکی تیرۆرستی دادەنرێت.
دادگایەک لە شاری سیدنی ئوسترالیا 10 ساڵ زیندانی بەسەر رێناس لالیکانی تەمەن 28 ساڵدا سەپاند کە تۆمەتبار کراوە بەوەی لە ساڵی 2005وە تا ساڵی رابردوو پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ ئوسترالیا، ئەندامی پەکەکە بووە و لە ریزی پەکەکە لە عێراق لە دژی داعش جەنگاوە.
ھەروەھا دادگا رێگەی نەدا رێناس بە کەفالەت ئازاد بکرێت و ئاشکراشی کرد، ئێستا سەرقاڵی تەماشاکردنی سەرجەم دۆکیومێنت و ئیمەیڵەکانی رێناسن تا بەتەواوەتی بۆیان دەربکەوێت لە ساڵی 2005وە سەردانی کوێی کردووە و بەچی مەبەستێک لە عێراق بووە.