ناسر حەسەن: واز لە هونەر دەهێنم و سەرقاڵی کاری جوتیاری دەبم

ناسر حەسەن
ناسر حەسەن

K24 - هەولێر:

دوای نیوسەدە زیاتر لە کاری نواندن و دەرهێنان، هونەرمەند ناسر حەسەن بڕیاری داوە واز لە هونەری سینەما بێنێت و پشویەک لە ژیاندا وەرگرێت و لەمەودوا دوور لە چاوی کامێراکان و دیالۆگە سینەماییەکان سەرقاڵی کاری جوتیاری بێت.

ئەو هونەرمەندە لەبارەی بڕیاری وازهێنان و دوورکەوتنەوەی لە هونەر بە کوردستان24ـی راگەیاند: ئیتر دەمەوێت پشویەک بە کارە هونەرییەکانم بدەم و دەرفەت بە گەنجانی ئەمڕۆ بدەم، کە داهێنانی خۆیان لە سینەما و دراما پێشکەش بکەن.

گوتیشی: گەیشتوومەتە ئەو بڕیارەی بە یەکجاری واز لە سینەما و هونەری دراما بێنم لەمەودوا وەک جوتیارێک لە نێو گوند و ئاوایی و سروشتی جوانی کوردستاندا سەرقاڵی کاری جوتیاری بم، کە ئەویش دنیایەکی جوان و بێ گرێیە و دەتوانم لەوێشدا هونەری خۆم بخزێنمە نێو کارە و بەرهەمی خۆماڵی خۆمان پێشکەش بکەم.

جێگەی باسە، ناسر حەسەن، ساڵی 1971 پەیمانگای هونەرە جوانەکانی تەواوکردووە و 1972 دەستی بە کاری هونەری کردووە، یەکێک لە شاکارە مێژووییەکانیشی لە نێو هونەری درامادا، زنجیرە درامای (مەمی ئالان) بوو، کە تا ئەمڕۆش لە هزری هەمووان ماوەتەوە، پاشان چەند فیلمێکی نوێی بەرهەم هێنا، ئێستاش بە تەواوەتی لە بوارەکەی دوورکەوتووەتەوە و دەیەوێت بە یەکجاری لە دنیای هونەر دابڕێت و کاروانی هونەری بۆ گەنجان جێ بهێڵێت.

ناسر حەسەن بە هونەرمەندە سپیەکەی نێو هونەری فیلمسازی ناسراوە، یەکەم بەرهەمی هونەری لە بواری دەرهێنان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1972، کە دەرهێنانی کلیپێکی گۆرانی بوو بۆ هونەرمەند عەلی مەردان و دواتر چەند بەرهەمێکی بۆ هەریەک لە محەممەد عارف جزیری، گوڵبەهار، تایەر تۆفیق و عوسمان شارباژێڕی تۆمار کرد، پاشان روویکردە سینەما و دراما و چەند بەرهەمێکی بەپێزی پێشکەش کرد.