وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئێران بۆ دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کۆمپانیا بچوکەکان بەکاردەهێنێت

K24 – هەولێر

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ رایگەیاند، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک، کۆمپانیا بچوکەکانی ئێران دوو بەشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە خۆکوژییەکانی ژاپۆنیان کۆپی کردووە.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، کە کۆمپانیایەکی بچووکی ئێرانی تایبەتمەند لە پیشەسازی ئەلیکترۆنیدا توانیویەتی تواناکانی خۆی پەرەپێبدات، بۆ کۆپیکردنی دوو بەش لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانە خۆکوژییەکاندا، کە لە بەرهەمهێنەرانی ئەلیکترۆنی ژاپۆنییەوە هێنراون، بەپێی لێکۆڵینەوە نوێیەکان کە لەلایەن گروپێکەوە بەناوی کۆمپانیای (کۆنفلێکت ئەرمامنت ریسێرچ) کە بنکەکەی لە بەریتانیایە، پشکنینی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە دەکات کە لەلایەن ئۆکرانیاوە خراوەتە خوارەوە.

ئێران زۆربەی پارچەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی لە کۆمپانیا ئەمەریکی، ئەوروپی و ژاپۆنییەکان دەکڕێت، کە وەک پێکهاتە بازرگانییەکان دەفرۆشن، دەرئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکانی ئەو کۆمپانیایە، دەریدەخەن کە ئێران زیاتر پشتی بە کۆمپانیا ناوخۆییەکان بەستووە بۆ بەرهەمهێنانی پارچەی یەدەگ بۆ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی، ئەمەش وایکردووە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی سزای بەسەردا بسەپێنن.

گروپی لێکۆڵینەوەی کۆمپانیاکە راشیگەیاند، ئەمە یەکەمجارە لێکۆڵەرانی چەک لە ئۆکرانیا پارچە دروستکراوەکانی کۆمپانیایەکی بچووکی تایبەتی ئەلیکترۆنی ئێرانی بە ناوی "سەرمەد ئەلکترۆنیکس سێپاهان" لەناو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە کەوتووەکاندا بدۆزنەوە.

کۆمپانیای سەرمەد ئەلیکترۆنیک لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا لەلایەن کەسانێکەوە دامەزرا کە هیچ پەیوەندییەکی روونیان بە سەربازی و هەواڵگری ئێرانەوە نەبووە، بە گوتەی جۆن کایڤز، هاوکارێکی باڵای توێژینەوەیە لە پڕۆژەی ویسکۆنسێن بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی، کە گروپێکی توێژینەوەیە و لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە پارەدار دەکرێت کە دەڵێت: "ئەمە بووەتە بوارێکی قازانج بەخش کە کۆمپانیا تایبەتە بچووکەکان دەیانەوێت بچنە ناویەوە".

ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی تاران تۆمەتبار دەکەن بەوەی سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی بۆ مۆسکۆ دابین کردووە کە هێزەکانی رووسیا بەکاریان هێناوە، بە سەرکەوتنێکی سنووردار، بۆ بە ئامانجگرتنی وێستگەکانی کارەبا و شارە گەورەکان و گەڕەکە مەدەنییەکانی ئۆکرانیا، ئێرانیش ئەمە رەتدەکاتەوە، هەرچەندە دان بەوەدا دەنێت کە پێش دەستپێکردنی شەڕ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە مۆسکۆ فرۆشتووە.

Fly Erbil Advertisment