زانیاری نوێ لەبارەی دامەزارندنی ژمارەیەک کەس لە ریزەکانی پاسەوانی سنوور

K24 - هەولێر
فەرماندەی ناوچەی پاسەوانی سنووریی یەک رایدەگەیەنێت، لەم قۆناغەدا و بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق، 900 کەس لە ریزەکانی پاسەوانی سنوور دادەمەزرێنرێن و دەڵێت، هەفتانە و لە رۆژانی یەکشەممە، دووشەممە و سێشەممە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەشێک لەو کەسانە دەکرێت کە ناویان بۆ دامەزراندن هاتووەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 16ـی تەممووزی 2023، دلێر فەرزەندە، فەرماندەی ناوچەی پاسەوانی سنووریی یەک بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەپێی ئەو پلانەی بۆ پاڵپشتیکردنی فەرماندەی ناوچەی پاسەوانی سنووری یەک دانراوە و بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لەم قۆناغەدا لە کۆی ئەو هاووڵاتییانەی داواکارییان بۆ دامەزراندن لە ریزەکانی پاسەوانی سنوور پێشکەشکردووە، تەنها 900 کەس دادەمەزرێندرێن.
دوێنێ شەممە 15ـی تەممووزی 2023، ناوی 300 کەس بۆ دامەزراندن لە ریزەکانی پاسەوانی سنوور لە سنووری پارێزگای هەولێر لەرێگەی کورتەنامەیەوە هاتەوە. بڕیاروایە ئەمڕۆ و سبەی ناوی 600 کەسی دیکەش بۆ دامەزراندن لە سنووری پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانی بگەڕێتەوە.
بەگوتەی دلێر فەرزەندە، 300 کەس لە لیوای یەکی دهۆک؛ 300 کەس لە لیوای دووی هەولێر و 300 کەسی دیکەش لە لیوای سێی سلێمانی دادەمەزرێندرێن، ئەمەش وەکو دلێر فەرزەندە باسی کرد "بۆ باشتر پاراستنی ناوچە سنوورییەکان و پاڵپشتیکردنی فەرماندەی ناوچەی پاسەوانی سنووریی یەکە".
دلێر فەرزەندە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا، هەفتانە و لە رۆژانی یەکشەممە، دووشەممە و سێشەممە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەشێک لەو کەسانە دەکرێت کە لە رێگەی کورتەنامەیەکەوە ئاگادارکراونەتەوە، کە ناویان بۆ دامەزراندن لە ریزەکانی پاسەوانی سنوور هاتووەتەوە. گوتیشی، ئەو کەسانەی دێن بۆ چاوپێکەوتن، پێویستە ناسنامەی خۆیان و دایک و باوکیان، بەڵگەنامەی دەرچوون و 10 وێنەیان لەگەڵدا بێت.
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە 13ـی تەممووزی 2023، عەقید کاروان خۆشناو، گوتەبێژی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەرێگەی کورتەنامەیەکەوە ئەو کەسانەی ناویان بۆ دامەزراندن لە ریزەکانی پاسەوانی سنوور هاتووەتەوە، ئاگادار دەکاتەوە.