نێردەی ئەمەریکا بۆ کەشوهەوا سەردانی چین دەکات

جۆن کێری
جۆن کێری

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ یەکشەممە، نێردەی ئەمەریکا بۆ کەشوهەوا سەردانی پەکین دەکات،  بە هیوای دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی کەشوهەوا، ئەمەش دۆسیەیەکی چارەنووسسازە بۆ دوو وڵات کە پیسکەری سەرەکی کەشوهەوان.

جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمەریکا لە دوای دەستبەکاربوونی وەک نێردەی کەشوهەوا بۆ سێیەم جار سەردانی چین دەکات، ئەمەش لە کاتێکدا دەگاتە پەکین کە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەستی بە دەرکەوتن کردووە، کە پەیوەندی بە شەپۆلی گەرماوە لە زۆربەی شوێنەکانی جيهانەوە هەیە.

بڕیارە سەردانەکەی کێری بۆ پەکین تا رۆژی چوارشەممە بەردەوام بێت، دواتر چاوی بە شی ژێنهوای هاوتاکەی بکەوێت لە پایتەختی چین، کە چەند هەفتەیەکە پلەکانی گەرما نزیکەی 40 پلەی سەدییە.

لە چەند مانگی رابردوودا سەردانەکانی ئەمەریکا بۆ چین بەردەوام بوون، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە مانگی حوزەیران سەردانی چینی کردبوو، دواتر جانێت یەڵن وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لە سەرەتای مانگی تەمموزدا سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە.

ئەمەریکا و چین پیسکەری سەرەکی کەشوهەوان، نزیکەی ساڵێکە هەردوو وڵات دانوستانەکانی کەشوهەوایان ئەنجام نەداوە، لە مانگی ئابی ساڵی رابردووەوە، پەکین گفتوگۆکانی لەسەر ئەم پرسە راگرتووە، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە سەردانی نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەوکاتی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بۆ تایوان.

بەپێی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، کێری ئاواتەخوازە "لەگەڵ چین گفتوگۆ بکات لەسەر پرسی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی کەشوهەوا".