شاندێکی سوپای سوودان گەیشتە جەددە
K24 - هەولێر
سەرچاوەکانی حکومەتی سوودان رایانگەیاند، نوێنەرانی حکومەتی سوودان گەیشتوونەتە شاری جەددەی سعوودیە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ هێزەکانی پشتیوانی خێرا، کە ماوەی سێ مانگە شەڕ لەنێوان ئەو دوولایەنە سەریهەڵداوە.
لە سەرەتای مانگی حوزەیران، سعوودیە و ئەمەریکا دانوستانەکانی پێشووی نێوان لایەنە سوودانییەکانیان لە جەددە راگرت، ئەمەش دوای چەندین پێشێلکاری کردن لە ئاگربەست، تا ئێستا نە ریاز و نە واشنتن دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانیان پشتڕاست نەکردۆتەوە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، هەوڵێکی نێوەندگیری لەلایەن میسرەوە دەستیپێکرد، کە بە جیا لەگەڵ سوپای سوودان هێزەکانی پشتیوانی خێرا کۆبووەوە.
لە پێشوودا بەگەوڵەکانی سعوودیە و ئەمەریکا، زنجیرەیەک ئاگربەستی راگەیەندرا، بەڵام نەیانتوانی کۆتایی بەو شەڕە بهێنن کە لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا سەریهەڵدا. ئەم ململانێیە زیاتر لە سێ ملیۆن کەسی ئاوارە کردووە و لەو ژمارەیەش زیاتر لە 700 هەزار کەسیان بەرەو وڵاتانی دراوسێ هەڵاتوون.
شایەتحاڵانی سوودان رایانگەیاندووە، رۆژی شەممە لە ئوم درمان و بەحری، جارێکی دیکە شەڕ و پێکدادانەکان سەریهەڵدایەوە.