جەیک سولیڤان: هەوڵی زۆرمان داوە بۆ ئازادکردنی ئەو ئەمەریکیانەی لە ئێران دەستبەسەرن بەڵام نەگەیشتووینەتە رێککەوتن
K24 - هەولێر
بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی دووپاتیان کردۆتەوە کە ئیدارەی بایدن دوورە لە هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران، جا چ لەسەر ئازادکردنی دەستگیرکراوانی ئەمەریکی بێت یان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئێران.
جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی سی بی ئێس، گوتی: هەوڵێکی زۆرمان داوە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادکردنی ئەو چوار ئەمەریکییەی کە بە ناڕەوا لە ئێران دەستبەسەرکراون، ئەوەشمان کردووە لە رۆژی دەستبەکاربوونی سەرۆک بایدنەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، لەم بارەوە پەیوەندی ناڕاستەوخۆمان لەگەڵ ئێران هەبووە، بەڵام نەگەیشتووینەتە رێککەوتن.
سولیڤان دەشڵێت: ئێمە بەردەوامین لە کارکردن، هیوادارم بەدەستی بهێنین، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ هیچ شتێکم نییە رایبگەیەنم.
لای خۆیەوە جۆن کێربی رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی کۆشکی سپی رایگەیاند: ئێمە سەرنجمان لەسەر هەوڵدانە بۆ هێنانەوەی ئەو ئەمەریکییانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی دەستبەسەر کراون.
کێربی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بوونی پەیوەندی نافەرمی لە نێوان ئەمەریکا و ئێران سەبارەت بە رێککەوتنی نوێی ئەتۆمی گوتی، "ئێستا هیچ رێککەوتنێک نییە".
جەختیشی کردەوە، ئەگەر دەستبکەن بە هەنگاونان بۆ کەمکردنەوەی گرژییە ئەتۆمییەکان، ئەوە بۆ ناوچەکە باش دەبێت.
پێشتر سەرچاوە ئێرانییەکانی نزیک لەدانوستانەکان، رایانگەیاند، کە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و ئەمەریکا، رووبەرووی ۆاشەکشە بووەتەوە، ، هەروەها لەسەر ئازادکردنی زیندانییەکانی نێوانیان ناکۆک بوون.
لە ساڵی 2018 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە شێوەیەکی تاکلایەنە ئەمەریکای لە رێککەوتنەکە دەرهێنا و بە شێوەیەکی کاریگەر رێککەوتنەکەی لەناو برد، بەڵام لەوەتەی ئیدارەی بایدن لە ساڵی 2021 هاتووە، واشنتن و تاران چەندین خولی دانوستانیان ئەنجامداوە بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.