نوێنەری نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا دەستبەکاربوو

دەستبەکاربوونی نوێنەری نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا
دەستبەکاربوونی نوێنەری نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

بە ئامادەبوونی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستاودەستکردنى پۆستى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستانى لە ئەمەریکا ئەنجامدرا و تریفە عەزیز وەک نوێنەری نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا دەستبەکاربوو.

رۆژی دووشەممە (17ـی تەمموزی 2023)، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەفین دزەیى، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، سەرپەرشتى دەستاودەستکردنى پۆستى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستانى لە ئەمەریکا کرد لەنێوان بەیان سامى عەبدولرەحمان و تریفە عەزیز نوێنەرى نوێی حکومەتى هەرێم لە ئەمەریکا.

بەگوێرەی بڵاوکراوەی فەرمانگەیی پەیوەندییەکانی دەرەوە، سەفین دزەیی سوپاسى بەیان سامى عەبدولرەحمانی کرد بۆ ئەو ئەرک و خزمەتەى کە بەدرێژایى ساڵانى رابردوو پێشکەشى کردووە وەک نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئەمەریکا و هەروەها پێشووتریش وەک نوێنەرى حکومەت لە بەریتانیا و پیرۆزباییشی لێکرد لە ئەرکی نوێی لە نووسینگەى سەرۆکى حکومەتی هەرێمی کوردستان.

هەروەها بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە پیرۆزبایى لە تریفە عەزیز، نوێنەرى نوێی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمەریکا کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست، هاوکات دووپاتى تەواوى پاڵپشتیەکانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کردەووە بۆ نوێنەرى نوێی حکومەت و نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە ئەمەریکا بۆ سەرکەوتنیان لە ئەرک و خزمەتکردن.

لە رێورەسمەکەدا، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە رایگەیاند، ئێمە پەیوەندییەکى مێژوویى و گرنگمان لەگەڵ وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا هەیە و متمانەى تەواوم هەیە لە بەردەوامى پەرەپێدانى ئەو پەیوەندیە درێژخایەنانە و هاوبەشێتى ستراتیژى نێوان هەردوولا.

لەلاى خۆیەوە بەیان سامى عەبدولرەحمان لە ووتەیەکدا بەبۆنەى کۆتایى هاتنى ئەرکەکەى لە ماوەى هەشت ساڵى رابردوودا لە واشنتن، نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کردووە، سوپاسى بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت و ستافى نوێنەرایەتى کرد. هاوکات بەخێرهاتن و پیرۆزبایى لە تریفە عەزیز، نوێنەرى نوێی حکومەتى هەرێم کرد بەبۆنەى دەستبەکاربوونى.

هاوکات تریفە عزیز یەکەم هاوڵاتى کورد-ئەمەریکییە کە ئەرکى نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئەمەریکا وەربگرێت و پێشووتر لە نووسینگەى سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانى کاریکردووە کە خاوەنى ئەزموونى زیاتر لە 20 ساڵە لە کاروبارى پەیوەندییە حکومییەکان لە ئەمەریکا.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، سەفین دزەیى بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکى فەرمى لە ئەمەریکایە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانى حکومەتى ئەو وڵاتە و ئەندامانى کۆنگرێس، ئەوەى جێگەى ئاماژەیە نوێنەرى نوێنەری حکومەتى هەرێم یاوەریان دەبێت لە بەرنامەى دیدار و کۆبوونەوەکان.

Fly Erbil Advertisment