موچه‌ى وه‌زيره‌كانى ئێران كه‌مده‌كرێته‌وه‌

لە دواى ئاشکرا بوونی مووچەی زۆری ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران، گوتەبێژی حکوومەت رایگەیاند، مووچەی وەزیرەکانیش کەمدەکرێتەوە و نابێ لە سێ هەزار دۆلار زیاتر بێت.

K24 – هه‌ولێر:

لە دواى ئاشکرا بوونی مووچەی زۆری ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران، گوتەبێژی حکوومەت رایگەیاند، مووچەی وەزیرەکانیش کەمدەکرێتەوە و نابێ لە سێ هەزار دۆلار زیاتر بێت.

محەممەد باقر نەوبەخت گوتەبێژی حکوومەتی ئێران، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، زۆربەی ئەو کەسانەی مووچەی لە رادەبەریان وەرگرتووە سەر بە کەرتی تایبەت بوون و ژمارەیەکی کەم بەڕێوبەری حکوومەتیش لەو گەندەڵییەدا تێوەگلاون.

نەوبەخت کە هاوکات بەڕێوبەری رێکخراوی کارگێڕی و پلاندانانی حکوومەتیشە رایگەیاند، کۆمیتەیەکی تایبەت بۆ پێداچوونەوە بە مووچەی بەڕێوبەرانی حکوومەت پێکهاتووە و مووچەی وەزیرەکانیش کەمدەکرێتەوە.

بە گوتەی نەوبەخت حکوومەتی ئێران بڕیاری داوە مووچەی وەزیرەکان نابێت لە 10 ملیۆن تمەن واتا 3000 دۆلار زیاتر بێت.