ئێران بەهۆی کەمیی سووتەمەنییەوە سنووردارکردنی کارەبا رادەگەیەنێت
محەمەد ئیلهداد، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیشتمانیی کارەبای ئێران (توانیر) رایگەیاند، بەهۆی دۆخی نائاساییی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا، وڵاتەکە ناچارە لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە سنووردارکردنی کارەبا بسەپێنێت.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای توانیر لە لێدوانێکدا بۆ تەلەڤیزیۆنی فەرمی گوتی: "ماوەی پچڕانی کارەبا بە کۆتایی دیاری نەکراوە، بەڵام رەنگە بریتی بێت لە پچڕانی کارەبای هاوبەشانی ماڵان و بازرگانی بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لە هەر دوو رۆژێکدا، یان لە ئەوپەڕی باردا دوو کاتژمێر لە رۆژێکدا".
ئەو بەرپرسە روونیکردەوە، دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا لە مانگەکانی داهاتوودا بەراورد بە ساڵی رابردوو سەختتر دەبێت، هەروەها بەهۆی ئەو زیانانەی لە جەنگەوە کەوتوونەتەوە، وڵاتەکە نزیکەی 230 ملیۆن مەتر سێجا لە توانای بەرهەمهێنانی گازی لەدەست داوە.
هەروەها باسی لەوەش کرد، ئێران توانیویەتی بەشێک لەو زیانانە قەرەبوو بکاتەوە، بەڵام توانای بەرهەمهێنانی گاز هێشتا لە ئاستی ساڵی رابردوو کەمترە، ئەمەش دابینکردنی سووتەمەنیی پێویست بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان ئاڵۆزتر دەکات.
بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە ئەوەشی خستەڕوو، خشتەی پچڕانی کارەبا لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی "کەهرباتی و نەم"، یاخود لە رێگەی کورتەنامەوە بە هاوبەشان رادەگەیەنرێت.
لە ساڵانی رابردووشدا، دەسەڵاتدارانی ئێران بەهۆی کەمیی سووتەمەنی لە وێستگەکاندا، رێوشوێنی هاوشێوەیان گرتبووەبەر.
سەرەڕای ئەوەی ئێران خاوەنی یەکێک لە گەورەترین یەدەگەکانی گاز و نەوتە لە جیهاندا، بەڵام تۆڕی کارەبای وڵاتەکە بەهۆی گەمارۆ درێژخایەنەکانی رۆژئاواوە، بەدەست کەمیی وەبەرهێنان لە ژێرخانەکەیدا گرفتارن.
لەلایەکی دیکەوە، دوێنێ شەممە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران رایگەیاند، ئەو هێرشانەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەی وڵاتەکەیان ئەنجامدا، کەمیی دابینکردنی کارەبای قووڵتر کردووە و گوتی: "دەبێت خۆمان بۆ سەختییەکانی ئەم زستانە ئامادە بکەین".