رزگار حەمە رەئوف مەقامێکی عەلی مەردان نوێ دەکاتەوە
هونەرمەندی میوزیکژەن رزگار حەمە رەئوف، مەقامێکی کەم بیستراوی "پاشای مەقاماتی کوردی" مامۆستا عەلی مەردان بە ناوی (دڵ لەبەر دەردی فیراقی یارا) سەرلەنوێ بە میوزیک و کوالێتییەکی بەرزتر نوێ دەکاتەوە، هاوکات ئاشکراشی دەکات کە بەمنزیکانە بەرهەمێکی نەبیستراوی هەردوو هونەرمەندی کۆچکردوو حەسەن زیرەک و حوسێن عەلی بڵاودەکاتەوە.
یەکشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2026، هونەرمەند رزگار حەمە رەئوف، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند؛ "مەقامی (دڵ لەبەر دەردی فیراقی یارا) کە هۆنراوەی سافی هیرانییە و مامۆستا عەلی مەردان لەسەر پەیژەی مەقامی نەهاوەند چڕیویەتی، سەرلەنوێ کاری میوزیکم بۆ ئەنجامداوەتەوە."
ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوەش دا؛ "مامۆستا عەلی مەردان هێندە بە سۆز و هەستەوە مەقامەکەی چڕیوە، ئەگەر بۆ جارێک گوێی لێ بگرین، وامان لێدەکات چەند جارێکی دیکە گوێی لێ بگرینەوە."
سەبارەت بە هۆکاری دووبارە کارکردنەوە لەو بەرهەمە، رزگار حەمە رەئوف روونیکردەوە؛ لە کاتی خۆیدا کاری میوزیک بۆ مەقامەکە کراوە، بەڵام کوالێتییەکەی باش نییە، هەر بۆیە بە ئەرکی سەرشانی خۆی زانیوە کە لەمەودوا کار لەسەر ئەو بەرهەمە کۆنانە بکات کە کوالێتییان وەک پێویست نییە، تاوەکو سەرلەنوێ بە میوزیکێکی تازە و کوالێتییەکی بەرزتر نوێ بکرێنەوە.
هەر لە لێدوانەکەیدا بۆ کوردستان24، ئەو هونەرمەندە ئاشکرایکرد، ئێستا چەند بەرهەمێکی دیکەی لە بەردەستدایە بۆ ئەوەی کاریان تێدا بکات و گوتیشی: "بەرهەمێکی نەبیستراوی هونەرمەندانی کۆچکردوو، مامۆستا حەسەن زیرەک و حوسێن عەلی-یشم تەواو کردووە و بەم نزیکانە بڵاویان دەکەمەوە."
لەبارەی ئامانجی سەرەکی لە پشت ئەم پڕۆژانە، رزگار حەمە رەئوف جەختی لەوە کردەوە؛ مەبەست لە نوێکردنەوەی ئەم بەرهەمانە بۆ ئەوەیە کە نەوەی نوێی ئێستا بە شێوازێکی نوێ، مۆدێرن و بە تازەگەریی لە رووی میوزیکەوە، گوێبیستی بەرهەمی ئەو کەڵە هونەرمەندانە ببن.