ئەمریکا و ئیسرائیل پلانی سەربازیی دژی ئێران پەسەند دەکەن
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، سوپای ئیسرائیل و فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) پلانێکی سەربازیی هاوبەشیان بۆ ئامادەکاری لە ئەگەری هەڵگیرسانی پێکدادانی سەربازی لەگەڵ ئێران پەسەند کرد.
هاوکات کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی لە زاری ئەفسەرێکی پلەبەرزی ئیسرائیلییەوە بڵاویکردەوە، تەلئەڤیڤ چاوەڕێی بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات سەبارەت بە ئێران.
لەلایەکی دیکەوە، پێگەی "ئەلمۆنیتۆر" ئاشکرایکرد، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشنیازێکی پێشکەش بە ئیدارەی ترەمپ کردووە. پێشنیازەکە بریتییە لە بۆردومانێکی چڕ بۆ ماوەی چوار تا حەوت رۆژ، بە ئامانجی لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێران و رێگریکردن لە بەهێزکردنی دامەزراوە ستراتیژییەکانی تاران، بەبێ ئەوەی ئیسرائیل تێوەبگلێتە ناو جەنگێکی گشتگیرەوە.
سەرەڕای بێئاکامیی هەوڵە دیپلۆماسییەکان، ئیسحاق دار، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی پاکستان هیوای خواست رێککەوتنێکی نزیک لە نێوان واشنتن و تاران بێتە ئاراوە. ئەو وەزیرەی پاکستان جەختیکردەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانێت بەرگەی بەردەوامیی درێژخایەنی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێت.
گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر ئێران پێیناوەتە رۆژی 130ـیەمینەوە، لە بەرامبەردا هێرشەکانی ئێرانیش بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و نەوتکێشەکان روویان لە زیادبوون کردووە.
لە دوای شکستهێنانی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران لە تەممووزی رابردوودا، ئەمریکا گەمارۆی دەریایی خستە سەر بەندەر و ناوچە کەناراوەکانی ئێران، کە دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم ئەو کەشتییانە دەگرێتەوە بەرەو بەندەرەکانی ئێران دەچن یان لێی دەردەچن.