کۆلێژی ئەرکانی بەریتانیا بڕوانامەی ماستەر دەداتە ئەفسەرێكی وەزارەتی پێشمەرگە

K24 - هەولێر:
ئەفسەرێکی وەزارەتی پێشمەرگە بەناوی مقدم روکن رێبین رۆژبەیانی، بڕوانامەی ماستەر لە زانستی سەربازی لە کۆلێژی ئەرکانی بەریتانیا بەدەستدەهێنێت.
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەماهەنگی و پشتیگیریەکانی بەریتانیا بۆ هەرێمی کوردستان مقدم روکن رێبین رۆژبەیانی، ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ماوەی 15 مانگ بەژداری کرد لە خولی 26 کۆلێژی فەرماندەیی و ئەرکانی پێشکەوتوو و توانی بڕوانامەی ماستەر لە زانستی سەربازی بە دەست بێنێت.
ئاماژە بەوەشدراوە، مقدم روکن رێبین بۆ راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە باسی لە گرنگی خولەکە کرد و رایگەیاند، کۆلێژی ئەرکانی بەریتانیا هەڵدەستێت بە ئامادەکردنی ئەفسەرانی بەریتانی و هاوپەیمانانی کە لە 52 وڵات بەژدارن بۆ فەرماندەیی کردن و راپەڕاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان.
بە گوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، لە کۆتایی مەراسیمەکە موقەدەم رێبین لۆگۆی وەزارەتی پێشمەرگەی بەخشیە فەرماندەی کۆلێژی ئەرکان و ئەویش لەلایەن خۆیەوە سوپاسگوزاری خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و پشتیوانی کۆلێژی ئەرکانی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتکردوە.