جەبار یاوەر: فەرەنسا پێش پێکهێنانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هاوکاری پێشمەرگەی کرد

جەبار یاوەر
جەبار یاوەر

K24 - هەولێر:

جەبار یاوەر لەسەر هاوکارییەکانی فەرەنسا و هێزەکانی هاوپەیمانن بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دەڵێت: تیمی سەربازی فەرەنسا بەرلەوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش دروست ببێت وەک یەکەم تیمی سەربازی هاتنە هەولێر.

جەبار یاوەر، شارەزای سەربازی و ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، تیمی سەربازی فەرەنسا بەرلەوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش دروست ببێت وەک یەکەم تیمی سەربازی هاتنە هەولێر، کە ئەوکات داعش بەرەو بەغدا پێشڕەوی دەکرد و هێشتا پەلاماری سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی نەدابوو.

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە روونیشیکردەوە، ئەو تیمە سەربازییەی فەرەنسا سەردانی هەموو میحوەرەکانی پێشمەرگەی کرد کە لە دژی داعش و بۆ پاراستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دروستکرابوو، ئامانج لە سەردانەکەش هەڵسەنگاندنی ئەو میحوەرانە بوو، بۆئەوەی راپۆرتی خۆیان ئامادەبکەن لەسەر چۆنییەتی هاوکاریکردنی پێشمەرگە.

ئاماژەی بەوەشدا، لە شەڕی دژی داعش، فەرەنسا یەکەمین وڵات بوو، چەک و تەقەمەنی بە پێشمەرگە دا.

بە گوتەی جەبار یاوەر، هاوکارییەکانی فەرەنسا و تیمەکانی دیکەی هاوپەیمانی نێدەوڵەتی بۆ پێشمەرگە، رۆڵ و کاریگهەری گەورەیان هەبوو لە رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی داعش.

سەبارەت بە پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، جەبار یاوەر ئەوەی خستەڕوو، کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، رۆڵێکی نەرێنییان هەبووە لە پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئەنجامدانی چاکسازی لەنێو وەزارەتدا، ئەندامانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیش، لەنێویاندا فەرەنسا، لە سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەت و لە وەزارەتی پێشمەرگەش، نیگەرانییەکانی خۆیان لە خاوبوونەوەی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەربڕیوە.

Fly Erbil Advertisment