گرووپی سەربازی ڤاگنەر بنکەی سەرەکیان لە باشووری رووسیا داخست

چەکدارێکی ڤاگنەر
چەکدارێکی ڤاگنەر

K24 - هەولێر

گرووپی ڤاگنەر رایگەیاند، بنکەی سەرەکی گرووپەکەیان لە باشووری رووسیا داخستووە، ئەمەش دوای ئەوە دێت، کە لەمانگی حوزەیراندا ئەو گرووپە بە هۆی ناکۆکیەکانیان لەگەڵ سوپای رووسیادا هەڵگەڕانەوە.

بنکەی مۆلکینۆ لە هەرێمی کراسنۆدار وەک ناوەندی سەرەکی راهێنانی ڤاگنەر بوو، هەتا ئەو کاتەی سەرکردەی گرووپەکە یەڤگینی پریگۆژین لە سوپای رووسیا هەڵگەڕایەوە.

بەگوێرەی گرتە ڤیدیۆیەک کە رۆژی دووشەممە، لە کەناڵێکی تەلەگرام بڵاوکراوەتەوە، نیشانی دەدات چەکدارەکان ئاڵای ڤاگنەر و رووسیا لە ناوەندی راهێنانی کراسنۆدار دادەبەزێنن.

یەکێک لە چەکدارەکان لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەڵێت: "بنکەکە بوونی نامێنێت" بەبێ ئەوەی ئاماژە بە شوێنی داهاتووی بنکەکەیان بکەن، گوتیشی: دەڕۆینە ناوچەیەکی نوێ و لەوێ بڵاو دەبینەوە.

چەکدارێکی دیکەی گرووپەکە کە بە جلی سەربازییەوە دەرکەوت گوتی: "ناوەندەکانی مەشقی مۆڵکینۆ تاوەکو 30 تەمموز کارەکانی رادەگرێت".

ئەو رێککەوتنەی کە لەلایەن سەرۆکی بێلارووس، ئەلێکساندەر لوکاشینکۆوە ئەنجامدرا، رێگەی بە پریگۆژین و چەکدارەکانی دا بچنە ئەو وڵاتەوە لە بەرامبەر ئەوەی کرێملن تۆمەتەکانی یاخیبوون لادەبات.

گوتەبێژ سنوورەکانی ئۆکرانیا، ئەندرێ دیمشینکۆ رایگەیاند: "گرووپی ڤاگنەر لە بێلارووس"یان، ئێمە چاودێریی جموجۆلەکانیان دەکەین.

رۆژی هەینی رابردوو، وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، چەکدارانی ڤاگنەر مەشق بە سەربازانی بێلارووس دەکەن، لەناوچەیەکی سەربازی نزیک شاری ئاسیپۆفیتشی.

درەنگانی شەوی (23ـی حوزەیرانی 2023)، یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر جەنگی دژی سوپای رووسیا و حکومەتی مۆسکۆ راگەیاند و هێزەکانیان چوونە ناو شاری رۆستۆڤ لە سنووری رووسیا و تەواوی بنکە سەربازییەکانیان کۆنترۆڵکرد.

 ئەو دۆخە نەگەیشتە 24 کاتژمێر و نووسینگه‌ی سه‌رۆكی بێلارووس بڵاویكرده‌وه‌، گرووپی ڤاگنه‌ر رازی بووه‌ دۆخه‌كه‌ له‌ رووسیا هێوربكاته‌وه‌ و چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كانی بوه‌ستێنێت ئەمەش لەسەر پێشنیازی ئه‌لێكسا‌نده‌ر لۆكاشینكۆی سەرۆکی ئەو وڵاتە بووە کە گرووپەکە پێشڕەوییەکانی بەرەو مۆسکۆ بوەستێنێت.