حكوومه‌تی هه‌رێم: به‌م شێوه‌یه خشته‌ی مووچه ده‌ستكاری ده‌كرێت
هه‌واڵێك ره‌ت ده‌كاته‌وه و هه‌واڵێكی دیكه‌ش راست ده‌كاته‌وه
K24 – هه‌ولێر
وته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌فین دزه‌یی باس له چۆنییه‌تی ده‌ستكاریكردنی خشته‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و وه‌رگرتنی قه‌رزێكی 150 ملیۆن دۆلاری له توركیا ده‌كات بۆ پێدانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران.
له روونكردنه‌وه‌ی وته‌بێژی حكوومه‌ت كه له ماڵپه‌ری فه‌رمی حكوومه‌تی هه‌رێم بڵاو كراوه‌ته‌وه، هه‌واڵێكی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ره‌ت ده‌كاته و و هه‌واڵێكی دیكه‌ش په‌یوه‌ندیدار به پاره بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران راست ده‌كاته‌وه.
ده‌قی روونكردنه‌وه‌ی وته‌بێژی حكوومه‌ت:
هه‌ندێ له ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندن له هه‌رێمى كوردستان بڵاویان كردووه‌ته‌وه گوایه ئیتر دهستكاریى خشته‌ى مووچه ناكرێت و ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ى له مووچه‌ش پاشه‌كه‌وت كراوه، نادرێته‌وه به مووچه‌خۆران. ئه‌م هه‌واڵه به هیچ شێوه‌یه‌ك ڕاست نییه و هه‌روه‌ك چۆن پێشتر حكوومه‌ت بڕیارى داوه، هه‌ركاتێك دۆخى دارایى گونجاو بوو، ده‌ستكارى خشته‌ى مووچه ده‌كرێته‌وه و پاشهكهوتهكهش ده‌درێته‌وه به مووچه‌خۆران. به‌ڵام هه‌روه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران له لێدوانێكى دوو ڕۆژ لهمهوبهریدا گوتى: جارێ دۆخى ئێستاى دارایى بۆ دهستكاریى خشتهكه، گونجاو نییه.
دزه‌یى هه‌روه‌ها له‌باره‌ى هه‌واڵێكى دیكه‌شه‌وه كه گوایه توركیا بڕى دوو سه‌د ملیۆن دۆلارى داوه‌ته هه‌رێمى كوردستان، گوتى: زیاتر له سێ هه‌فته له هه‌ردوو مانگى شوبات و ئازارى ڕابردوو، ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ى نه‌وت په‌كى كه‌وتبوو، بۆیه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڕى سه‌د و په‌نجا ملیۆن دۆلارى بۆ دابینكردنى مووچه له توركیا قه‌رز كردووه (نه‌ك دوو سه‌د ملیۆن) و ئه‌و پاره‌یه به قه‌رز دراوه‌ته حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.