ئیبراهیم حەکیم نەخۆشە و نەشتەرگەری بۆکرا

هونەرمەند ئیبراهیم حەکیم
هونەرمەند ئیبراهیم حەکیم

K24 - هەولێر

هونەرمەندی شانۆکار و بواری دراما، ئیبراهیم حەکیم بەهۆی ناجێگیری باری تەندروستی، لە نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی وڵات نەشتەرگەری بۆ دەکرێت.

هەڵگورد ئیبراهیم، کوڕی هونەرمەند ئیبراهیم حەکیم، لە بارەی نەخۆشیەکەی باوکی بە کوردستان24ـی راگەیاند: "دوای تێکچوونی باری تەندروستی باوکم بەهۆی نەخۆشی پڕۆستاتەوە، کە ماوەیەکی زۆر بەدەست ئەو نەخۆشیەوە دەیناڵاند و رۆژ لە دوای رۆژیش تەندروستی بەرەو خراپ بوون دەچوو، لە شاری تارانی پایتەختی ئێران نەشتەرگەرییەکەی بە سەرکەوتووانە بۆ ئەنجامدرا، ئێستا تەندروستی جێگیرە و لە نەخۆشخانە دەرچووە و بەمزووانە دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان.

ئیبراهیم حەکیم لە ناوەڕاستی حەفتاکان و لە سەردەمی زێڕینی شانۆوە بە چەند بەرهەمێکی هونەرییەوە دەرکەوت، پاشان وەک ئەستێرەیەکی درەوشاوەی نێو دراماکان، بە رۆڵە کۆمێدیەکانی خۆی ناساند، دوا کاری هونەریشی بەشداریکردن بوو لە زنجیرە درامای هەشت دیوار، کە لە نووسین و دەرهێنانی کارۆخ ئیبراهیم حەکیم بوو بە رۆڵی رەشاد گریان و پێکەنینی تێکەڵ بە یەکتر کرد و بوو بە پاڵەوانی چیرۆکی نێو دراما هونەرییەکەدا.