سەرۆکی ئیسرائیل دەستپێشخەرییەک بۆ لێخۆشبوون لە ناتانیاهۆ دەستپێدەکات
نووسینگەی سەرۆکی ئیسرائیل، ئیسحاق هەرتسۆگ، رایگەیاند؛ سەرۆک بانگهێشتی پارێزەری بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیران و داواکاری گشتیی کردووە بۆ کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی.
ئەم دەستپێشخەرییەی هەرتسۆگ لە کاتێکدایە ناوبراو خەریکی تاوتوێکردنی داوایەکی لێخۆشبوونە بۆ ناتانیاهۆ، کە ئێستا بە تۆمەتی گەندەڵی رووبەڕووی دادگا بووەتەوە.
بنیامین ناتانیاهۆ رووبەڕووی سێ دۆسیەی یاسایی بووەتەوە؛ دووانیان پەیوەستن بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی رووماڵی میدیایی ئەرێنی لە بەرژەوەندی خۆی، و دۆسیەی سێیەمیش تایبەتە بە وەرگرتنی دیاریی گرانبەها بە بڕی زیاتر لە 260 هەزار دۆلار لە ملیاردێرەکان لە بەرامبەر پێشکەشکردنی خزمەتی سیاسی. ئەمە لە کاتێکدایە تۆمەتی چوارەمی گەندەڵی لەسەر لادراوە.
ناتانیاهۆ یەکەم سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلە لە کاتی دەسەڵاتدا دادگایی بکرێت، هەمیشە هەموو تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە و ئەم رێکارە یاساییانەی کە لە ساڵی 2019وە دەستیان پێکردووە، بە "دادگاییکردنی سیاسی" ناوبردووە.
میخال تسۆک شافیر، راوێژکاری یاسایی سەرۆکی ئیسرائیل، لە نامەیەکدا رایگەیاندووە: "سەرۆک هەرتسۆگ پێی وایە پێش ئەوەی دەسەڵاتەکانی خۆی سەبارەت بە داوای لێخۆشبوونەکە بەکاربهێنێت، پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لە نێوان لایەنەکاندا بە مەبەستی گەیشتن بە تێگەیشتنی هاوبەش."
نوسینگەی سەرۆک جەختی کردووەتەوە، ئەم کۆبوونەوانە تەنیا "هەنگاوێکی بەراییە" پێش ئەوەی سەرۆک بڕیاری کۆتایی لەسەر بەکارهێنانی مافی لێخۆشبوون بدات. نامەی بانگهێشتنامەکە ئاراستەی عەمیت حەداد، پارێزەری ناتانیاهۆ، گالی بەهاراف میارا، داواکاری گشتی و عەمیت ئایسمان، داواکاری دەوڵەت کراوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا لە وتارێکدا لەبەردەم پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێسێت) داوای لە هەرتسۆگ کردبوو، لێخۆشبوون بۆ ناتانیاهۆ دەربکات. دواتر ترەمپ و پارێزەرەکەی ناتانیاهۆ بە فەرمی داوای لێخۆشبوونیان پێشکەش بە سەرۆکایەتی کردبوو.