ئێران هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی نوێ لە هێزەکانی ئەمریکا دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی نیسانی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی بەکارهێنانی توانای نوێی لە دژی هێزەکانی ئەمریکا کرد لە ئەگەری هەر هێرشێکی نوێ بۆ سەر وڵاتەکەی و جەختی کردەوە، هێزە دەریاییەکانیان خاوەنی ئامرازی پێشکەوتوون بۆ بەئامانجگرتنی کەشتییە جەنگییەکانی نەیارەکانیان.

محەمەد ئەکبەر زادە، یاریدەدەری کاروباری سیاسی لە هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران، لە گوتارێکدا کە لە شاری میناب پێشکەشی کرد رایگەیاند، "ئەگەر ئەمریکا تووشی هەڵە تێگەیشتن بێت و جارێکی دیکە دەستدرێژی بکاتە سەر ئێران، هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران ئەمجارە تواناکانی نوێی خۆیان بەکاردەهێنن."

ئەکبەر زادە ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانیان لە حاڵەتی ئامادەباشی تەواودان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک و گوتی: "سوپای پاسداران خاوەنی توانای نوێیە لە بواری دەستنیشانکردنی ئامانجەکاندا."

ئەکبەر زادە جەختی لەوەش کردەوە، ئەم توانا نوێیانە وا لە هێزەکانی ئێران دەکەن کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە زەبەلاحەکان بسووتێنن و لە کاریان خەن." ئەگەر بێت و ئەمریکا هەر جۆرە کارێکی سەربازی دژی تاران ئەنجام بدات.

ئەو بەرپرسەی سوپای پاسداران باسی لەوەکرد، ئەگەر هێرشەکانی ئەمریکا دووبارە ببنەوە، تاران پەنا بۆ ئامرازەکانی دیکەی هێز لە بەرەکانی جیاوازی بەرگری دەبات.

لە 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و رێبەری وڵات و چەندین بەرپرسی باڵایان کوشت، دواتر ئێران بە مووشەک و درۆن پێگەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆردومان کرد و دواتر گەرووی هورمزی بەرووی کەشتیی بازرگانی داخست، ململانێکە 39 رۆژی خایاند، هەزاران کەس کوژران و برینداربوون، دواتر ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر بەندەرەکانی ئێران و رێگری لە هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکانی تاران کرد کە بەهۆیەوە ناتوانن نەوت هەناردەی بازاڕەکان بکەن.