لە لوبنان چەندین کەس کوژران و لە ئیسرائیلیش زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند؛ لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەی "جبشیت" لە باشووری وڵاتەکە، 2 کەس کوژراون و 13ـی دیکەش بریندار بوون. هەروەها لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر شارۆچکەی "جویا"، کەسێک کوژرا و 15 کەس بریندار بوون.
بەرگریی شارستانی لوبنان ئاشکرای کرد، تیمەکانیان لە کاتی رزگارکردنی بریندارەکان لە شارۆچکەی "مەجدەلزۆن" رووبەڕووی بۆردومانی ئیسرائیل بوونەتەوە. بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، 3 کارمەندیان لەژێر داروپەردووی بینا رووخاوەکاندا گیریان خواردووە و هەوڵەکان بۆ رزگارکردنیان بەردەوامە. هاوکات سوپای لوبنان برینداربوونی دوو سەربازی خۆی راگەیاند؛ یاوەری تیمەکانی بەرگریی شارستانییان کردووە لە کاتی ئەرکە مرۆییەکانیاندا.
میدیاکانی لوبنان ئاماژەیان بەوە کردووە، سوپای ئیسرائیل چوار تەقینەوەی یەک لە دوای یەکی لە شارۆچکەی "حانین" ئەنجامداوە، جگە لە ئەنجامدانی چەندین هێرشی ئاسمانی بۆ سەر دەوروبەری شارۆچکەکانی "سەڵتانییە، غەندورییە و مەجدەلزۆن".
لەلایەکی دیکەوە، حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند؛ بە درۆنی خۆکوژ هێرشی کردووەتە سەر کۆبوونەوەی سەربازانی ئیسرائیل لە شارۆچکەی "تەیبە".
لای خۆیەوە، سوپای ئیسرائیل و بەرەی ناوخۆ پشتڕاستیان کردەوە، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ناوچەکانی جەلیلی رۆژئاوا لە باکووری ئیسرائیل لێدراوە، ئەوەش دوای دزەکردنی چەنددرۆنێک لە خاکی لوبنانەوە کە لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئیسرائیلەوە تێکشکێنراون.