لە سنووری ئیدارەی گەرمیان پڕۆژەی بەرزەپردی هاتووچۆ جێبەجێ دەکرێت
K24 – هەولێر:
لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، پڕۆژەیەکی ستراتیژی بەرزەپردی هاتووچۆ جێبەجێ دەکرێت و لە سێ مانگی داهاتوودا سەرجەم کارەکانی تەواو دەبێت و بەرووی شۆفێراندا دەکرێتەوە.
پڕۆژەی بەرزەپردەکە دەکەوێتە سەر رێگای نێوان قەزای کەلار و شارەدێی رزگاری لە ئیدارەی گەرمیان. لەم بارەیەوە ئەکرەم ساڵح، سەرۆکی شارەوانی کەلار، رایگەیاند، "ئەمە یەکەمین بەرزەپردی سنووری ئیدارەی گەرمیانە و %80ـی کارەکانی تەواو بوو".
هەروەها دەشلێت: "درێژییەکەی ئەم بەرزەپردە 900 مەترە و تێچووەکەشی سێ ملیۆن و 200 هەزار دۆلارە، لە سێ مانگی داهاتوودا دەخرێتە خزمەت شۆفێران".
سەرۆکی شارەوانی کەلار، ئاماژەی بەوەشدا، بە تەواوبوونی ئەم بەرزەپردە لە سێ مانگی داهاتوودا، سوودێکی زۆر بە خەڵکی ناوچەکە و شۆفێران دەگەیەنێت.