ترامپ پشتيوانى و هاوسۆزى بۆ پرسى كورد ده‌ربڕى و به‌ پێشمه‌رگه‌ سه‌رسامه‌

بۆ یەکەمجارە باس لە کورد دەکات

K24 – هه‌ولێر:

دۆناڵد ترامپ کاندیدی پارتی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا، بۆ یەکەمجارە باس لە کورد دەکات و دەڵێت سەرسامی توانای ھێزە کوردییەکانە کە رووبەڕووی چەکدارانی داعش بوونەتەوە لە عێراق و سووریا.

ترامپ ئاشکراشی دەکات، ئەگەر ببێتە سەرۆکی داھاتووی ئەمریکا، ھەوڵدەدات لەرێگای گفتوگۆ و دانووستانەوە کێشەی کورد لە تورکیا چارەسەر بکات.

ترامپ لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە باکوری کوردستان، گوتى: "من ھەواداری کوردم، بەڵام دەزانم ئەردوغان وانییە. بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەش، ھەوڵدەدەم بەشێوەیەک لەشێوەکان ھەردووکیان کۆبکەمەوە و دانووستانیان لەگەڵ بکەم".

ھەروەھا ترامپ باسى له‌وه‌شكرد، ئەو ھەوادارێکی گەورەی ھێزە کوردییەکانە کە رووبەڕووی داعش بوونەتەوە.

گوتیشی: ئەگەر بوومە سەرۆک، رۆڵی ئەمریکا لە بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعش، فراوانتر دەکات.

سه‌باره‌ت به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ توركيا گوتى: ھیوادارم پەیوەندییەکی پتەومان لەگەڵ تورکیا ھەبێت، چونکە ئەنقەرە ھاوپەیمانێکی گرنگە بۆ ئەمریکا.