وەزیری دەرەوەی سوودان مەرجەکانی ئاگربەستی نێوان خۆیان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا ئاشکرا دەکات
K24 - هەولێر
سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو رایگەیاند، دانوستانەکانی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە جەددە، بە نێوەندگیری سعودیەو ئەمەریکا بەردەوامی هەیە، بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ئەو وڵاتە.
سەرچاوەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکات، بەئیرەم نیوزی ئیماراتی راگەیاند، هەردوو لایەنی ململانێکان لە سوودان بەردەوامن لە دانوستانەکانیان لە جەددەی پایتەختی سعوودیە و هەر لایەنێک مەرجەکانی خۆی خستووەتەڕوو، ئاماژەی بە پێشکەوتنی گفتوگۆکان کردووە و گوتیشی: "رەنگە رێککەوتنی ئاگربەستێکی نوێ بکرێت".
ئەو سەرچاوە پێشبینیکرد، رێککەوتنی نێوان هەردوو لایەنی ململانێی سوودان لە چەند قۆناغێکدا بێت، سەرەتا بە ئاگربەست و کردنەوەی رێڕەوی سەلامەت دەستپێبکات، پاشان ئاگربەستی هەمیشەیی تا دەگاتە پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیر، بەڵام بەبێ پارتی هەڵوەشاوەی کۆنگرەی نەتەوەیی.
لە بەرامبەردا عەلی سدیق، وەزیری دەرەوەی سوودان، بە ئاژانسی هەواڵی سوودان "سونا"ی راگەیاند، قبوڵکردنی ئاگربەستێکی دیکە مەرجدارە بە پابەندبوونی یاخیبووان بە چۆڵکردنی دامەزراوە گشتییەکان و جێهێشتنی ماڵی هاوڵاتیان و وەستاندنی تاڵانکردن و داخستنی رێگاوبانەکان و تێکدانی ژیانی خەڵک.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێکانەوە لە 15ی نیسانەوە، لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم سێ هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە سێ ملیۆن کەسی دیکە، لە خەرتومی پایتەخت و ناوچەی دارفور.