فوئاد حوسێن: هیواخوازین جارێکی تر باڵیۆزخانەی عێراق لە یەمەن بکەینەوە

فوئاد حوسێن و ئەحمەد موبارەک
فوئاد حوسێن و ئەحمەد موبارەک

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی عێراق، رایگەیاند، ولاتەکەی پشتیوانی هەر هەوڵێکی سیاسی دەکات، بۆ هاندانی سەقامگیری دۆخی یەمەن، چونکە زەمینە خۆش دەکات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە عێراق باڵیۆزخانەی خۆی لەو وڵاتە بکاتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ هاوتا یەمەنییەکەی ئەحمەد موبارەک کۆبووە و دوای کۆبوونەوەکەش، حوسێن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: عێراق هیوا بۆ سەقامگیری یەمەن دەخوازێت، بۆ ئەوەی باڵیۆزخانەی خۆی و پەیوەندییە دوو قۆلییەکانیان دەستپێبکەنەوە.

حوسێن ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق پێشوازی لەهەر هەوڵێکی سیاسی دەکات کە ببێتە هۆی دانوستان و سەقامگیری لە یەمەن، هیوا خوازین شەڕ بوەستێت لەنێوان لایەنە جیاوازەکان، بگۆڕێت بۆ دیالۆگ .

دەشڵێت: ئێمە چاودێری پەیوەندییەکانی سعوودیە و ئێران دەکەین، پشتیوانییان دەکەین، بۆ دروستکردنی دۆخیێکی سەقامگیر لە یەمەن.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرایکرد، یاداشتێکی راوێژکاری سیاسییان لەگەڵ یەمەن واژۆ کردووە و ئاراستەی شاندێک دەکەن بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ دۆخی ئەمنی عێراق و یەمەن بکەن.

لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی یەمەن، ئەحمەد موبارەک گوتی: پەیوەندییەکی مێژوویی لەنێوان هەردوو وڵات هەیە.

رۆژی شەممە، ئەحمەد عەوز موبارەک، وەزیری دەرەوەی یەمەن بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدای پایتەخت، بڕیارە سەردانەکەی چوار رۆژ بخایەنێت و لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق کۆببێتەوە.

Fly Erbil Advertisment