ئەندامێکی لیژنەی دارایی: نابێت ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لەلایەن بەغداوە دوابکەوێت
K24 - هەولێر
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەگەر رێککەوتن لەنێوان هەردوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرا، دەبێت دەستبەجێ حکومەتی فیدراڵی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و نابێت دوابکەوێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی تەممووزی 2023، د. خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025، سەردانەکەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق لەلایەن بەغداوە، میوانی بووڵتەنی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24 بوو.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە پێویستی دەزانێت چەند لیژنەیەک لە نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێن بە مەبەستی رێککەوتن لەسەر ناردنی مانگانەی پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق و پێدانی ئەو ماف و شایستە داراییانەی هەرێم کە لە یاساکەدا ئاماژەیان پێ دراوە.
خەلیل غازی پێیوایە بەهۆی ئەوەی تێگەیشتن لە ژمارەیەک بڕگە و ماددەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق ئاڵۆزن، دانوستاندانەکانی نێوان هەردوو حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان ئاسان نابن و دەڵێت، یاسای بودجە لە دەستی پەرلەمانی عێراقدا دەرچووە و ئێستا حکومەتی عێراق پابەندە بەوەی یاساکە جێبەجێبکات.
لەبارەی ناردنی شایستە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە؛ ئەو ئەندامەی لیژنەی داریی رایگەیاند، دوای ئەوەی هەردوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دەگەنە رێککەوتن، پێویستە دەستبەجێ شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردێن و نابێت پڕۆسەکە دوابخرێت و تێکەڵی ناکۆکییە سیاسییەکان بکرێت.
وابڕیاربوو ئەمڕۆ دووشەممە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدا بکات، بەڵام سەردانەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە. لەوبارەوە ئومێد سەباح بە کوردستان24ـی گوت، "له دوایین دانیشتن لایهنی عێراقی داوایانكرد رۆژی یهكشهممه بگهڕێینهوه بۆ بهغدا، پاشان پێویستیان بهوه ههبوو كه دهرهنجامی كۆبوونهوهكانی پێشوو پیشانی سهرۆكوهزیران عێراق محهممهد شیاع سوودانی بدهن، بۆ ئهوهی بهرچاویان روون بێت و دووباره لهگهڵ ئێمه دابنیشنهوه".