محه‌ممه‌دی حاجی مه‌حموود: په‌نابردن بۆ بێگانه، عه‌یبه‌یه‌كی گه‌وره‌یه

K24 – هەولێر:
سكرتێری پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌مێژوودا ده‌یان رێككه‌وتن دژی كورد كراون، تاكه چه‌كیش بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و پیلانگێڕیانه، ته‌نیا یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی كورده.
محه‌ممه‌د حاجی مه‌حموود سكرتێری پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان، له دیداری گوڵه‌خانه به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی 100 ساڵ به‌سه‌ر په‌یمانی لۆزان، له‌ژێر دروشمی (كورد له نێوان به‌رداشی ئاشتی و وڵاتاندا) دووپاتیكرده‌وه، له‌مێژوودا ده‌یان رێككه‌وتن دژی كورد كراون، تاكه چه‌كیش بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و پیلانگێڕیانه، ته‌نیا یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی كورده و به یه‌كڕیزی هه‌موو ئه‌و پیلانگێڕیانه پووچه‌ڵ ده‌بنه‌وه كه دژ به گه‌لی كورد ده‌گێڕدرێن.
محه‌ممه‌دی حاجی مه‌حمود گوتی: "قۆناغێكی زۆر هه‌ستیاره و ده‌بێت ته‌واوی هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستانیش هه‌ستی پێ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر سازش بۆ یه‌كتر بكه‌ن، گه‌وره‌ییه، به‌ڵام په‌نابردن بۆ بێگانه، عه‌یبه‌یه‌كی گه‌وره‌یه".
ئه‌مڕۆ 24ی تەمموز، 100 ساڵ بەسەر واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزان لەلایەن وڵاتە براوەکانی جەنگی جیهانی یەکەم و تورکیا تێپه‌ڕی.
لۆزان، یەکەم پەیماننامە نەبوو کە لە دژی کورد واژۆ کرابێت، پێشتر لە سەروبەندی جەنگی جیهانی یەکەم، کاتێک دەسەڵاتی عوسمانی لاوازببوو، فەرەنسا و بەریتانیا لە ساڵی 1916 پەیماننامەی سایکس بیکۆیان واژۆکرد و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کرد بە دوو زۆن، دواتریش پەیماننامەی سیڤەر کە دانی بە بەشێک بە مافەکانی گەلی کورددا دەنا، بەڵام پەیماننامەی لۆزان لە 24/7/1923، هەموو خەون و ئاواتەکانی کوردی لەو سەردەمە لە گۆڕنا.