وەزارەتی كارەبا ئاگادارییەك بڵاو دەكاتەوە
مەترسی كوژانەوەی گشتی لە سیستەمی كارەبا ھەیە
K24 - ھەولێر
وەزارەتی كارەبا رادەگەیەنێت بەهۆی ئاگركەوتنەوەیەك، ئاستی بەرھەمھێنان و پێدانی كارەبا كەمبووتەوە و كار دەكەن بۆ ئەوەی كوژانەوەی گشتی لەسیستەمی كارەبای ھەرێم روو نەدات.
لە راگەیێندراوەكەدا ھاتووە: كاتژمێر 22:55 شەوی رابردوو، بەهۆی ئاگركەوتنەوە لەسێ تەنكەری گاز لە كێڵگەی كۆرمۆر لە ناوچەی قادر كەرەم ھەناردەی گاز بۆ هەردوو وێستگەی گازی لە هەولێرو سلێمانی وەستاوە.
گۆتیشی وێستگەی داناغاز بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە و سەلامەتی كارمەندانی، ھەناردەی گاز بۆ ھەردوو وێستگەی ھەولێر و سلێمانی راگرتووە، كە بە ھۆیەوە ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا و پێدانی بە هاوڵاتیان بەشێوەیەكی زۆر كەمی كردووە، كە پێش ئاگركەوتنەوەكە نزیكەی 2000 مێگاوات كارەبایان بەرهەم دەھێنا.
وەزارەتی كارەبا لە سەر زاری كۆمپانیای داناغاز راگەیاند چارەسەركردنی دۆخەكە پێویستی بە 3 تا 4 كاتژمێر ھەیە، كە دەستیان پێكردووە.
لە راگەیێندراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە تیمە تەكنیكیەكانی كۆنترۆڵی كارەبا بەهەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاكان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان سەرقاڵی كۆنترۆڵكردنی بارودۆخەكەن، بۆ ئەوەی كوژانەوەی گشتی لەسیستەمی كارەبادا روونەدات و بتوانن لەنزیكترین كاتدا دۆخەكە بگەڕێنرێتەوە باری ئاسایی.