خه‌ڵكی موسڵ ژیانی خۆیان ده‌خه‌نه مه‌ترسی له‌پێناو جێهێشتنی "فه‌رمانڕه‌وایی تیرۆر"
پێشبینی ده‌كرێت سه‌دان هه‌زار كه‌س ئاواره‌بن
K24 - هه‌ولێر:
خه‌ڵك به كۆمه‌ڵ له ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش له موسڵ راده‌كه‌ن و خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه سنووری ده‌سه‌ڵاتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، له باكووری رۆژهه‌ڵاتی شاره‌كه.
شه‌و له دوای شه‌و، هاووڵاتییانی موسڵ، زیاتر یاری به گیانی خۆیان ده‌كه‌ن و به‌نێو بۆمبه چێنراوه‌كانی داعش و له‌ژێر چاوی قه‌ناس بهدهستهكانییان، ژێر ده‌سه‌ڵاتی رێكخراوه‌كه جێده‌هێڵن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه به‌رده‌وام ته‌قه‌یان لێده‌كرێت، به‌ڵام هێشتا سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خۆیان بگه‌یه‌ننه ناوچه‌ی ئارامی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه.
ژماره‌یه‌كی زۆر له‌وان كوردی شه‌به‌كن، هه‌ندێكیشیان پێكهاته‌ی ئایینی دیكه‌ن، كه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش، توندتریان سزایان چه‌شتووه.
سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه، ته‌نها 16 كیلۆمه‌تر له سه‌نته‌ری شاری موسڵی دووه‌م گه‌وره‌ترین پارێزگای عێراق له رووی دانیشتووانه‌وه، دووره، كه له مانگی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2014دا، دوای چۆڵكردنی له‌لایه‌ن سوپای عێراق، رێكخراوی داعش، ده‌ستی به‌سه‌ردا گرت.
به‌هۆی بوونی ترس له دزه‌كردنی چه‌كداران و خۆكوژانی داعش له ریزی هاووڵاتییه هه‌ڵاتووه‌كان، پێشمه‌رگه ناچاره له دووره‌وه ئاگاداری پیاوه‌كان بكاته‌وه، كه جلوبهرگهكانییان دابكه‌نن و له‌سه‌ر ئه‌ژنۆ دابنشین، بۆ ئه‌وه‌ی له بوونی ته‌قه‌مه‌نی و پشتێبنهی بۆمبڕێژكراو دڵنیا ببنه‌وه.
هه‌روه‌ها پێشمه‌رگه سه‌رقاڵی پشكنین و وه‌رگرتنی پێناسهكانییانه، بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیاببنه‌وه له‌وه‌ی كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به رێكخراوه‌كه نییه.
هه‌رچی له باره‌ی منداڵانه‌وه‌یه، پێشتر ژماره‌یه‌ك منداڵ به‌هۆی برسێتی و تینوێتییه‌وه گیانییان له‌ده‌ستداوه، جۆن كه پزیشكێكی ئه‌مه‌ریكی خۆبه‌خشه ده‌ڵێت: "منداڵان تووشی وشكبوونه‌وه هاتوون، ئه‌وان ماندوو دیارن، له یه‌كه‌م بینییان هه‌ستییان پێده‌كه‌ی كه كاتێكی زۆره رێده‌كه‌ن و گوشارێكی زۆرییان له‌سه‌ر بووه".
هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و هێزه عێراقییه‌كان، به پاڵپشتی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، ئاماده‌كاری بۆ گرتنه‌وه‌ی شاری موسڵ ده‌كه‌ن، بۆیه پێشبینی ده‌كرێت له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه، سه‌دان هه‌زار كه‌س له شاره‌كه رابكه‌ن و بێ ماڵ و حاڵ بن و له كامپه‌كان، دوور له هێلی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ و له ناوچه ئارامه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، نیشته‌جێبن.