کەریم بێنزێما و نگۆلۆ کانتێ بەرامبەر شوڕتەی عێراقی یاریی دەکەن

یانەی ئیتیحادی سعوودی بەفەرمی سەرجەم مەرجە داراییەکانی تەواو کرد و یاریزانە نوێیەکانی بۆ بەشداریکردن لە جامی شا سەلمان بۆ یانە پاڵەوانەکان تۆمارکرد.
یانەی ئیتیحادی سعوودی رایگەیاندووە، سەرجەم پێویستییەکانیان بۆ ئەستۆپاکی دارایی لە وەزارەتی وەرزش و لاوان تەواو کردووە، بەمەش هەر سێ ئەستێرە نوێیەکەیان لە لیستی یاریزانەکانی یانەکە تۆمارکردووە، کەریم بێنزێما و نگۆلۆ کانتێ و جواو جۆتا لە لیستی یاریزانانی یانەکە تۆمارکران و دەتوانن بەشداریی جامی پاڵەوانانی عەرەب بکەن و بەرامبەر شورتە ئامادە دەبن.
یانەی ئیتیحادی سعوودی لە کۆمەڵەی یەکەمی جامی شا سەلمان بۆ یانە پاڵەوانەکان هاوشانی یانەکانی تەرەجی توونسی و سەفاقسی توونسی و شورتەی عێراقی یاریی دەکات، سبەی پێنجشەممە لە یەکەم یارییاندا ئیتیحاد و تەرەجی رووبەڕوو دەبنەوە.
رۆژی چوارشەممەی داهاتوو شورتە و ئیتیحاد لە یاریگای شا فەهد لە گەڕی دووەمی کۆمەڵەکەیان لە جامی شا سەلمان بەیەک دەگەن، کە ئاسۆ رۆستەم و یاسین کەریم و ئەحمەد زیڕۆ سێ یاریزانی کوردن بۆ پاڵەوانێتییەکە بانگهێشتکراون و گەشتی سعوودیەیان کردووە بۆ ئەوەی بەشداریی پاڵەوانێتییەکە بکەن.