وڵاتی سەینت کیتس پێدانی پاسپۆرتی بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق راگرت
K24 – هەولێر:
بەهۆی گۆڕانکاری لە رێکارەکانی پێدانی پاسپۆرتی وڵاتەکەی لە رێگەی وەبەرهێنانەوە، حکومەتی سەینت کیتس وڵاتی عێراقی خستە لیستی ئەو وڵاتانەی کە چیتر هاووڵاتییانی ناتوانن ببنە داواکاری پێشکەش بکەن بۆ بەدەستهێنانی پاسپۆرتی سەینت کیتس و دێڤیس.
رۆژی هەینی (28ـی تەمموزی 2023)، دوای رۆژێک لە چوونە بواری جێبەجێکردنی گۆڕانکارییەکانی پێدانی پاسپۆرت لە رێگەی وەبەرهێنانەوە، حکومەتی سەینت کیتس و دێڤیس، رایگەیاند کە وڵاتی عێراقیش خراوەتە لیستی ئەو وڵاتانەی کە هاووڵاتیانیان ناتوانن داواکاری پێشکەش بکەن بۆ بەدەستهێنانی پاسپۆرت. بەگوێرەی ئەو رێکارە نوێیانەش هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق چیتر ناتوانن داواکاری پێشکەش بکەن بۆ بەدەستهێنانی پاسپۆرتی سەینت کیتس.
حکومەتی سەینت کیتس ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو ئەو داواکاریانەی لەلایەن هاووڵاتییانی عێراقەوە پێشکەشکراون و ئێستا لە پرۆسەدان، هەڵدەپەسێردرێن و هەموو ئەوانەشی کە پێشتر رەتکراونەتەوە، ناتوانن دووبارە پێشکەش بکرێنەوە.
لە ساڵی 1984ـەوە، وڵاتی سەینت کیتس و دێڤیس کە یەکێکە لە وڵاتانی کاریبی، لە رێگەی پرۆگرامێکی تایبەت بە وەبەرهێنان لە وڵاتاکەی، پێدانی مافی پاسپۆرت و هاووڵاتایبوونی بە خەڵکی بیانی بە یاسا رێکخستووە.
ماوەی چەند ساڵێکە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە رێگەی پرۆگرامێکی تایبەتەوە کە تایبەتە بە وەبەرهێنان لە وڵاتی سەینت کیتس و دێڤیس، بەرامبەر بە بڕە پارەیەکی زۆر پاسپۆرتی ئەو وڵاتەیان بەدەستهێناوە، کە بەو هۆیەوە دەتوانن گەشتی زۆربەی وڵاتانی جیهان بکەن بەبێ ڤیزا.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە مانگی ئایاری 2022، وڵاتی دۆمینیکا وەرگرتنی مامەڵەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی بۆ وەرگرتنی پاسپۆرتی وڵاتەکەی راگرت و هەفتەی رابردووش، حکومەتی بەریتانیا بڕیاریدا هەموو ئەو کەسانەی هەڵگری پاسپۆرتی دۆمینیکان، بۆ سەردانیکردنی وڵاتەکەی، دەبێت پێشتر داواکاری بۆ وەرگرتنی ڤیزا پێشکەش بکەن.