لە مەکسیک بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما گیانلەدەستدانی سەدان کەسی لێکەوتووەتەوە
K24 - هەولێر
لەمیانی چوار مانگی رابردوو بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە لە مەکسیک 249 کەس گیانیان لەدەستداوە و حکومەتی وڵاتەکەش هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی.
ئێوارەی رۆژی هەینی 28ـی تەممووزی 2023، وەزارەتی تەندروستیی مەکسیک راپۆرتێکی سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بەرزبوونەوەی زیاد لە رادەی پلەکانی گەرماوە لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە، بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لەکاتێکدا پلەکانی گەرما لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا لە مەکسیک نزیکەی 45 پلەی سەدی بووە، لە نێوان 19ـی ئادار تا 22ـی تەمووزدا 249 کەس بەهۆی بەرزبوونەوەی زیاد لە رادەی پلەکانی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە.
لە کاتێکدا زۆرترین حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان لە ویلایەتی نویڤۆ لیۆن تۆمار کراون کە 100 حاڵەت بوونە، لەسەدا 92.4ی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان بەهۆی گەرما لێدانەوە بووە و ئەوانی دیکەش بەهۆی تینوێتییەوە بووە.
حکومەتی مەکسیک پێشنیازی رۆژانە خواردنەوەی بەلایەنی کەمەوە دوو لیتر ئاو و نەچوونە دەرەوە بەتایبەتی لە نێوان کاتژمێرەکانی 11:00 بۆ 15:00 بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات.
لە هەمان مانگەکانی ساڵی رابردوودا، 38 کەس بەهۆی بەرزبوونەوەی لە رادە بەدەری پلەکانی گەرماوە لەو وڵاتە گیانیان لەدەستدابوو.
ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ هەینی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، زەوی قۆناغی گەرمبوونی تێپەڕاندووە و ئێستا لە قۆناغی کوڵاندایە.ئاماژەی بەوەشدا، تەمموزی ئەمساڵ گەرمترین مانگ بووە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و سەرکردەکانی جیهان پێویستە بە زووترین کات هەڵوێستیان هەبێت.
گۆتێرێس ههروهها گوتی: "مرۆڤایەتی لە دۆخێکی سەختدایە، رێکخراوی کەشناسی جیهانی و خزمەتگوزاری کۆپەرنیکۆس بۆ گۆڕانی کەشوهەوا سەر بە کۆمسیۆنی ئەوروپا، پشتڕاستییان کردەوە تەمموزی 2023 گەرمترین مانگە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە تۆمار کرابێت، هەروەها پلەکانی گەرمای زەریاکان لەم کاتانەی ساڵدا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست، زیانەکانیش ئاشکرا و کارەساتبارن".