سلێمانی؛ لە حاڵەتێکی دەگمەندا بڕێکی زۆری موو لە گەدەی گەنجێکدا دۆزرایەوە
K24 - هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی ئاشکرایکرد، گەنجێكی تەمەن 21 ساڵ کە بڕێکی زۆر موو لە گەدەیدا هەبوو، بە نەشتەرگەری ژیانی رزگار کرا.
تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، دوای گەیاندنی گەنجێکی تەمەن 21 ساڵ بە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شار و تێکچونی باری تەندروستی، بۆ دەستنیشانکردنی حاڵەتەکەی لەلایەن پزیشکانەوە، بڕیاردرا کە (ناضۆر) یان کرداری هەناوبینی گەدەی بۆ ئەنجام بدرێت.
ئاماژە بەوەشدرا، لەلایەن پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەی کۆئەندامی هەرسی جگەری فێرکاری حاڵەتەکەی دەستنیشان کرا کە بریتی بوو لە گیرانی گەدەی نەخۆشەکە بەهۆی بوونی موو لەناو گەدەیدا بەڵام بەهۆی زۆری بوونی موو نەتوانرا بە ئامێری هەناوبینی هەمووی دەربهێنرێت و دەبوو لە ماوەیەکی کەمدا نەشەرگەری بۆ ئەنجام بدرێت.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی تەندروستی سلێمانی، نەخۆشەکە لە بەشی ئێشکگری نەشتەرگەری لە فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شار نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی بۆ ئەنجامدرا و توانرا ژیانی رزگار بکرێت.