د. محەممەد رەشید: هەر دەرمانخانەیەک شروبی کۆڵد ئاوتی هەیە بیگەڕێنێتەوە بۆ کۆمپانیاکان
K24 - هەولێر:
بەرپرسی چاودێری بازاڕ و بازگەکانی دەرمان لە هەولێر سەبارەت بە شروبی کۆڵد ئاوت کە دەرکەوتووە ماددەیەکی ژەهراوی تێدایە، داوایەکی ئاراستەی خاوەن دەرمانخانەکان کرد گوتی: هەر کەسێکتان ئەو دەرمانەتان هەیە، بیگەڕێننەوە بۆ کۆمپانیاکان.
پشكنینێك دهریخستووه دهرمانێكی چارهسهری تایبهت به سهرمابوون كه له هیند دروستكراوه و له عێراق فرۆشراوه، به ماددهی كیمیایی ژههراوی بووه. ئهمهش نوێترین ئاشكرابوونی زنجیرهیهك بابهتی لهو شێوهیه له عێراق سهبارهت به دهرمان كه منداڵان له سهرتاسهری جیهان بهكاریدههێنن.
د. محەممەد رەشید مامەند، بەرپرسی چاودێری بازاڕ و بازگەکانی دەرمان لە هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەر دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، لە بەڕێوەبەرایەتی کوالێتی کۆنترۆڵ تیمێکیان پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە، بەڵام تا ئێستا هیچ نووسراوێکی فەرمییان لە وەزارەتی تەندروستی عێراق و رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە پێ نەگەیشتووە.
ئەو دکتۆرە گوتیشی: ئەو شروبە بۆ چارەسەری پەتا و سەرمابوون و کۆکە، بۆ منداڵان بەکاردێت و لەلایەن چەند کارگەیەکی هیندییەوە دروست دەکرێت.
بە گوتەی بەرپرسی چاودێری بازاڕ و بازگەکانی دەرمان لە هەولێر، ئەو ماددەیە ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی فەرمی لەلایەن کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی دەرمانەوە هاوردە کراوە و کارگەکەشی لە بەڕێوەبەرایەتی کوالێتی کۆنترۆڵ تۆمار کراوە.
د. محەممەد رەشید روونیکردەوە، لە پرۆسەی کوالێتی کۆنترۆڵ، پشکنین بۆ ماددەکان دەکرێت و دواتر ستیکەریان لێدەدرێت، بەڵام ئەو ماددەیە تا ئێستا ستیکەری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەر نییە، گوتیشی: تا ستیکەری وەزارەتی تەندروستی لێنەدرێت، نابێت لە دەرمانخانەکان بفرۆشرێت.
وەک بەرپرسی چاودێری بازاڕ و بازگەکانی دەرمان لە هەولێر ئاماژەی پێدا، رەنگە بەشێك لە کۆمپانیاکان بەبێ ستیکەر ئەو دەرمانەیان فرۆشتبێت بە دەرمانخانەکان، بەڵام ئێستا ئەوان وەک بەڕێوەبەرایەتی کوالێتی کۆنترۆڵ داوا لە دەرمانخانەکان دەکەن، هەر کەسێك ئەو شروبەی لەنێو دەرمانخانەکانی هەیە، بیگەڕێنێتەوە بۆ کۆمپانیاکە، تائەو کاتەی لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن و لە دەرەنجامەکانیان ئاگادار دەکرێنەوە.
د. محەممەد رەشید راشیگەیاند، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو، بەرنامەی چاکسازی حکومەت کەرتی دەرمانیشی گرتەوە و کۆمەڵێک بڕیاری لە کوالێتی کۆنترۆڵ دەرچوون، گرنگترینیان هاوردەکردنی دەرمان بوو لە 33 وڵاتی باوەڕپێکراوەوە، ئەم وڵاتانەش وڵاتی پێشکەوتوون و خاوەنی بڕوانامەی بەرزن و بەرهەمەکانیان لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە باوەڕپێکراوە، ئەم بڕیارە بازاڕی دەرمان خاوێن دەکاتەوە و بەرهەمی بێ کوالێتی و بێ سەرچاوە ناهێڵێت.
هەر سەبارەت بە شروبی کۆلد ئاوت، ئەو بەرپرسەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، تیمەکانیان ئاگادار کردەوە سەردانی دەرمانخاکان بکەن، گوتیشی: بەهەماهەنگی لەگەڵ سەندیکای دەرمانسازان گشتاندنێک بڵاودەبێتەوە، بۆئەوەی هەموو لایەک ئاگادار بن بە هیچ شێوەیەک شروبی کۆڵد ئاوت بەکارنەهێندرێت، تاوەکو رێکارەکانی پشکنین و لێکۆڵینەوەی بەڕێوەبەرایەتی کوالێتی کۆنترۆڵ تەواو دەبێت.