سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی فەرمانیدا بە دەستپێکردنی رێکارە کارگێرییەکان بۆ بە قەزاکردنی خورماڵ

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانیدا بە دەستپێکردنی رێکارە کارگێرییەکان بۆ بە قەزاکردنی خورماڵ، ئەمەش دوای داواکاری خەڵکی ئەو ناوچەیە هات لە رێی کەمپین و داواکارییەکانیان.

رۆژی یەکشەممە (30ـی تەمموزی 2023)، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەوەی دانیشتوانی خۆشەویستی ناحیەی خورماڵ لە رێی کەمپەین و داواکارییەکانیان، داوای بەقەزاکردنی ناحیەکەیان بەرز کردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی بە وەزارەتی ناوخۆ کرد کە بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە، دەست بە رێکارە کارگێڕییەکان بکەن و  ئامادەکارییەکان بۆ هێنانە کایەوەی قەزای خورماڵ تەواو بکەن.

وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە بەیانی رۆژی دووشەممەوە (31ـی تەمموزی 2023)ـەوە وەزارەتی ناوخۆ رێکارە کارگێڕییەکان و هەنگاوی کرداری هێنانەکایەوەی قەزای خورماڵ دەست پێدەکات.

خورماڵ دەکەوێتە باکووری پارێزگای هەڵەبجە و 10 کیلۆمەتر لە ناوەدنی ئەو پارێزگایەوە دوورە و دەیان گوند لەخۆ دەگرێت، هەروەها 70 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی شاری سلێمانییەوە دوورە، زنجیرە چیاکانی هەورامانیش لەخۆ دەگرێت کە چوار وەرزی ساڵ گەشتیاران رووی لێدەکەن بەهۆی جوانی سرووشت و کەشوهەواکەیەوە.