ئەمەل جەلال: نەخشە رێگای گەشتوگوزار لە نۆ سێکتەری سەرەکی پێکهاتووە

ئەمەل جەلال
ئەمەل جەلال

K24 - هەولێر

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە نەخشە رێگای گەشتوگوزار لە نۆ سێکتەری سەرەکی پێکهاتووە و دەیانەوێت لەسەر ئەو نەخشە رێگایە پەرەپێدان لە کەرتی گەشتوگوزار بکەن.

ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار، لەمیانی بەشداریکردن لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستا24. لەبارەی نەخشە رێگای چاکسازی لە کەرتی گەشتوگوزار رایگەیاند: "ئەولەویەتی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەرتی گەشتوگوزار هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ پشتیوانی کرد، بۆ پێداچوونەوە بەو بەرنامە و ستراتیژە کە لە ماوەی رابردوو ئامادەمان کردبوو، بەلامانەوە گرنگ بوو جارێکی دیکە بەپێی خواستی گەشتیار و پێداویستییەکانی رەگەزە گەشتیارییەکان پلانێکی هەشت ساڵی دابڕێژین و نەخشە رێگایەکمان هەبێت لەسەر بڕۆین و بزانین ئەو نەخشەیە ساڵ بە ساڵ چۆن بێت و زۆن و رەگەزەکان چین تا ببنە بنەمایەک بۆ کەرتی گەشتوگوزار".

رۆژی 30/7/2023، نەخشە رێگای چاکسازی لە کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان راگەیەندرا، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت: "نەخشە رێگاکە لە نۆ سێکتەری سەرەکی پێکهاتووە، تێیدا ئەو زۆنانە دەستنیشانکراون کە لە کوردستان تەرکیزی بخەینە سەر، بۆ حەوت ساڵی رابردوودا دەبێ دەستەی وەبەرهێنان و دەستەی گەشتوگوزار و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان هاوکاربن بۆ ژێرخان و پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزاری و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی گەشتیاری".

ئەمەل جەلال، ئەوەشی خستەڕوو: "لە 60 فۆرمی گەشتوگوزاری جیهانی لە کوردستان 15 فۆڕم زەمینەسازی لەباری هەیە و گونجاوە بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی تێدا بکەین".

سەبارەت بە هاتنی گەشتیاران لە چوار وەرزدا، ئاماژەی بەوەدا کە لە نەخشە رێگاکەدا ئەوە لەبەرچاو گیراوە و دەشڵێت: "ئێستا هەموو جۆرە گەشتیارێک روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن و چالاکی جۆرا و جۆر لە ناوچە گەشتیارییەکان ئەنجام دەدرێن".

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار راشیگەیاند: "زیادبوونی رێژەی گەشتیارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان ئەوە دەگەیەنێت، کە متمانە لای گەشتیاری بیانی دروستبووە کە بۆ گەشتوگوزار بێنە کوردستان، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ زیاتر لە چوار ملیۆن گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، لەو ژمارەیەدا سەدا 32ی گەشتیاری بیانی ئەمەش ئاماژەیەکی گرنگە بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری و متمانە بوونی گەشتیارانی بیانی بە گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان".

Fly Erbil Advertisment