ئوسترالیا: کارمەندێکی پێشووی چاودێری بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر 91 منداڵ دەستگیرکرا

K24 - هەولێر
بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی، کارمەندێکی پێشووی چاودێری منداڵان کە خەڵکی ئوسترالیایە، بە هەزار و 623 تاوان تۆمەتبارکراوە، کە دەستدرێژیکردنە سەر91 منداڵ و 136 تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی و 110 تۆمەتی پەیوەندی سێکسی لەگەڵ کچانی خوار تەمەنی 10 ساڵیدا تۆمەتبار کراوە.
دەوترێت تاوانەکان لە نێوان ساڵانی 2007 بۆ 2022 لە شاری بریسبان و سیدنی و دەرەوەی وڵات روویانداوە
تۆمەتبارەکە پیاوێکی تەمەن 45 ساڵانە، خەڵکی ناوچەی گۆڵد کۆستە لە ئوستراڵیا، لە مانگی ئابی 2022ەوە دەستبەسەر کراوە، کاتێک لەلایەن پۆلیسی فیدراڵی ئوسترالیا دەستگیرکراوە و سەرەتا بە دوو تۆمەتی ئیستغلالکردنی منداڵان و یەک تۆمەتی بەکارهێنانی گواستنەوەی خزمەتگوزاری پۆرنۆگرافی بۆ منداڵان تۆمەتبارکراوە.
پۆلیسی ناوچەکە رایگەیاند، ئەو کەسە تاوانەکانی بە تەلەفۆن و کامێرا تۆمارکردووە لەکاتێکدا لە 10 سەنتەری چاودێری منداڵان لە شاری بریسبان لە نێوان ساڵانی 2007-2013 و 2018-22 کاری کردووە، شوێنێکیش کە ئاشکرا نەکراوە لە ساڵانی 2013-2014 و سەنتەرێکیش لە سیدنی لەنێوان ساڵانی 2014-2017.
هەموو ئەو منداڵانەی کە تۆمەتبارەکە بە دەستدرێژیکردنە سەریان تۆمەتبارکراوە، کچانی پێش تەمەنی باڵغبوونن.
یاریدەدەری ئەفسەری پۆلیس جەستن گۆف گوتی: پرۆسەی ناسینەوەی ئەو منداڵانەی کە قوربانین کات و لێهاتوویی و ئیرادەیی دەویست، چونکە چەندین وێنە و ڤیدیۆی منداڵەکان لە ماوەی 15 ساڵدا تۆمارکراون.
مایکل فیتزجێراڵد، یاریدەدەری فەرماندەیی تاوانەکانی ویلایەتی نیو ساوس وێڵز گوتی، کاتێک پیاوەکە لە کوینزلاندی رووبەڕووی تۆمەت دەبێتەوە، پۆلیس هەوڵدەدات رادەستی سیدنی بکاتەوە بۆ ئەوەی رووبەڕووی تەواوی هێزی یاساکە ببێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەمە یەکێکە لە ترسناکترین حاڵەتەکانی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان کە لێکۆڵەرانمان بینیویانە، هەروەها ئێمە بەردەوام دەبین لە بەدواداچوونی ئەم بابەتە بەبێ وەستان بەناوی 23 قوربانی نیو ساوس وێڵز، کە لە ئەولەویاتی کارەکانمان دەبێت".