وەزارەتی دارایی عێراق بۆ کوردستان24: بڕی 912 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت
K24 – بەغدا:
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد، بڕی 912 ملیار دینار وەک پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
ئەو سەرچاوەیەی کوردستان24 ئاماژەی بەوەشکرد، لەو بڕە پارەیەی رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بڕی شەش ملیار دینار گلدەدرێتەوە کە قەرزی TBIـیە.
ئەمەش دوای ئەوە هات ئێواری ئەمڕۆ سێشەممە (1ـی ئابی 2023)، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پشكی ئهم مانگهی بودجهی ههرێمی كوردستان رهوانهكرا و ئاماژەی بەوەشکرد، ههرێمی كوردستان رۆژانه 55 ههزار بهرمیل نهوت بۆ بهكاربردنی ناوخۆیی دهداته حكومهتی عێراق.
رۆژی چوارشەممە (26ـی تەمموزی 2023)، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو: "لە ئەنجامی پەیوەندی هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و دوای گەیشتنی شاندەکەش بۆ بەغدا راستەوخۆ دەست بە کۆبوونەوەکان کرا.
دوای ئەوەش کاتژمێر 1:30ـی بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە (27ـی تەمموزی 2023)، لە راگەیەندراوێکدا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، سهبارهت به جێبهجێكردنی یاسای بودجه، به مهبهستی ناردنی شایسته داراییهكانی ههرێمی كوردستان و لهگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵی گهیشتنه رێکكهوتن لهسهر جێبهجێكردنی بڕگهكانی تایبهت به ههرێمی كوردستان لەیاسای بودجەدا و لهو چوارچێوهیهشداكۆنووسێكی هاوبهش له نێوان ههردوو شاندهكه واژۆ كرا و بڕیار وایه دهستبهجێ تەمویلی ههرێمی كوردستان بكرێت.
لەلایەن خۆیەوە، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە هاوکات سەرۆکایەتی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو کۆنووسەی واژۆکراوە بۆ کۆی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە و رێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە لە زووترین کاتدا دەست بە تەمویلکردنی هەرێمی کوردستان بکرێت.
هاوکات لەلایەن خۆیەوە، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ریگەیاند، "شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی گەیشتنە رێککەوتن و لە زووترین کاتدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت".
دوای پەسەندکردنی یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی (21ـی حوزەیرانی 2023)، سەرۆک کۆماری عێراق پەسەندی کرد و بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی فەرمی لە (26ـی حوزەیرانی 2023)، بە گوێرەی یاساکە لە (1ـی کانوونی دووەمی 2023) دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) لە 78 ماددە پێکهاتووە و کۆی گشتی بودجەکەش بە 198 ترلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینار بۆ ساڵی دارایی 2023 خەمڵێندراوە، کە داهاتی گشتی عێراقیش بۆ ئەو ساڵە بە 134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار دینار داندراوە، بەمپێیەش 64 ترلیۆن و 357 ملیار و 424 ملیۆن و 527 هەزار دینار کورتهێنان لە بودجەدا هەیە.
لە یاساکەدا، زۆرترین داهاتی بودجەی گشتی عێراق پشتی بە هەناردەکردنی نەوت بەستووە کە لە رۆژێکدا دەبێت سێ ملیۆن 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە بکات بە 400 هەزار بەرمیلەکەی هەرێمی کوردستانیشەوە، کە نرخی بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە. هەروەها بەهای 100 دۆلاریش بە 130 هەزار دینار جێگیرکراوە.
بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە بودجەدا هەیە، حکومەتی عێراق پشت بە قەرز و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دەبەستێت، هەروەها ئەگەر نرخی نەوتیش بە زیاتر فرۆشرا، ئەوا رێژەی 70%ـی بڕی داهاتەکە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان تەرخاندەکرێت.
ئەوەی تایبەتیش بێت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە، بە رێژەی12.67 جێگیرکراوە و لە ماددەکانی 11، 12 و 13 و جەخت لەسەر هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیی کراوەتەوە، ئەگەر هەناردەش نەکرا بە هەر هۆکارێک، ئەوا لە ناوخۆ ئەو بڕە نەوتە بەکاردەهێندرێت.
هاوکات دوو هەژماری بانکی دەکرێتەوە، یەکێکیان بۆ داهاتە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە بانکی ناوەندی، هەروەها هەژمارێکی دیکەی بانکی بۆ شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە لە بانکێک کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە پاڵپشتکرابێت و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان یان کەسێک لەلایەن ئەوەوە راسپیدرابێت، دەسەڵاتی خەرجکردنی دەبێت و لەلایەن دیوانەکانی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان چاودێری هەردوو هەژمارە بانکییەکە دەکرێت.
بەرەبەیانی رۆژی (12ـی حوزەیرانی 2023)، لە دانیشتنی چوارەمیدا تایبەت بە دەنگدان لەسەر بودجە، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ یاسای بودجە بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پەسەندکرد و دوای سڕینەوەی چوار ماددە و زیادکردنی چەند ماددەیەک.
درەنگانی شەوی (8ـی حوزەیرانی 2023) پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 258 پەرلەمانتار لە کۆی 329 پەرلەمانتار دەستی بە دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی کرد کە پێشتر دوو خوێندنەوەی بۆ کرابوو، دوای ئەوەی لە رۆژی (13ـی ئاداری 2023) لەلایەن ئەنجوومەنی وهزیرانی عێراقەوە پەسەندکرا و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد کە (5ـی نیسانی 2023) خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاساکە لە پەرلەمانی عێراق ئەنجامدرا.