یەکەم فڕۆکەی فەرەنسا هاووڵاتیانی خۆی لە نەیجەر گواستەوە

ئەو فڕۆکەیەی هاووڵاتیانی دەگوازێتەوە
ئەو فڕۆکەیەی هاووڵاتیانی دەگوازێتەوە

K24 – هەولێر

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، یەکەم فڕۆکەی فەرەنسی کە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی هەڵگرتبوو، لە فڕۆکەخانەی نیامی پایتەختی نەیجەرەوە هەڵفڕی و لە فڕۆکەخانەی رۆیسی شارل دیگۆل-ی پاریس دەنیشێتەوە.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کاترین کۆلۆنا رایگەیاند: "262 کەس لەناو فڕۆکەی ئەیرباس A330دا هەن کە 12 کەسیان کۆرپەی بچووکن"، ئاماژەی بەوەشکرد، "زۆرینەی سەرنشینەکان هاووڵاتی فەرەنسین و  هەروەها هەندێکیشیان هاووڵاتی ئەوروپین".

ئێوارەی رۆژی سێشەممە، سوپا سالاری گشتی فەرەنسا بە میدیاکانی راگەیاند: سێ فڕۆکە، کە دوویان جۆری ئەیرباس ئەی 330 یە و هەریەکەیان توانای زیاتر لە 200 سەرنشینی هەیە، لە باشووری فەرەنسا بەرێکەوتوون و بەرەو فڕۆکەخانەی مەدەنی نیامی.

ئاماژەی بەوەشکرد، گواستنەوەکە هاوڵاتیانی مەدەنی فەرەنسی و ئەوروپی دەگرێتەوە کە دەیانەوێت لە نەیجەر بچنە دەرەوە، ئامانجیش دڵنیابوونە لە سەلامەتی خۆیان دوای ئەو کودەتایەی هەفتەی رابردوو لەو وڵاتە روویدا.

سوپا سالاری گشتی فەرەنسا دەشڵێت: "گواستنەوەی سەربازە فەرەنسییەکان کە لە نەیجەر جێگیرکراون لە بەرنامەی کاردا نییە".

ئێستا نزیکەی 600 کەسی فەرەنسی لە نەیجەردا هەن، گواستنەوەکەش بە شێوەیەکی خۆبەخشانەیە و بە فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازی بچووک ئەنجام دەدرێت.

ئەمە یەکەمجارە کاروانی بەرفراوانی فەرەنسییەکان لە ناوچەی ساحل رووبدات، کە لە ساڵی 2020ەوە کودەتاکانی مالی و بورکینافاسۆ روویانداوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا ئیتاڵیا رایگەیاند، ئامادەیە هاووڵاتیانی خۆی بە فڕۆکەیەکی تایبەت و بەکرێ لە نیامی بگوازێتەوە، کە لە کۆی 500 ئیتاڵی نزیکەی 90 کەس دەگوازێتەوە لە نەیجەر کە زۆربەیان سەربازن، لە بەرامبەردا ئەڵمانیا ئامۆژگاری هاووڵاتیانی خۆی دەکات کە لە نیامی پایتەخت بڕۆن.

لای خۆیەوە کۆشکی سپی رایگەیاند، کە ئەمەریکا لە ئێستادا هیچ بڕیارێکی گواستنەوەی هاووڵاتیانی خۆی نەداوە، جۆن کیربی گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیش دەڵێت: "هیچ ئاماژەیەکمان نییە بۆ هەڕەشەی راستەوخۆ بۆ سەر هاووڵاتیانی ئەمەریکی یان دامەزراوەکانمان لە نیجەر.