له‌ دوایین رۆژه‌كان خه‌ریكه‌ چه‌ندان گرێبه‌ستی گه‌وره‌ رووبدات

نوێترین بازاری گواستنه‌وه‌ی یاریزانان
نوێترین بازاری گواستنه‌وه‌ی یاریزانان

رۆژانە لە کوردستان24 نوێترین دەنگۆیەکانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان بەگوێرەی ئاژانس و ماڵپەڕ و رۆژنامەکانی جیهان رووماڵ دەکەین، سات بە سات نوێترین دەنگۆیەکانتان بۆ دەگوازینەوە.

* بایرن میونشن له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی كارگێری جه‌ختیان له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان ئاماده‌نین له‌ 90 ملیۆن پاوه‌ند زیاتر به‌ هاری كه‌ین بده‌ن، ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ ده‌توانن به‌و نرخه‌ پێش داخستنی ده‌رگه‌ی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان ئه‌م هێرشبه‌ره‌ له‌ تۆتێنهامه‌وه‌ بگوازنه‌وه‌ و بیكه‌نه‌ شوێنگره‌وه‌ی سادیۆ مانێی سه‌نیگالی كه‌ دوێنێ به‌ فه‌رمی په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ی نه‌سڕی سعوودیه‌ كرد – بیڵدی ئه‌ڵمانیا

* چاڤی هێرناندێز راهێنەری بارسێلۆنای ئاشكرای كرد دێمبێلی داوایکرد رێگای پێبدەین بچێتە پاریس سانجێرمان، چاڤی ده‌شڵێت: دێمبێلی لەگەڵ لویز ئێنریکی و ناسر خلێفی قسەی کردووە و دەیەوێت بچێتە ریزەکانی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی. چاڤی گوتیشی: هەموو هەوڵێکم داوە بۆ ئەوەی دێمبێلی رازی بكه‌م لە بارسێلۆنا بمێنێتەوە بەڵام عوسمان ئۆفەرێکی لە پاریسەوە پێگەیشتووە و دەیەوێت بچێتە ئەو یانەیە، بۆیە لە یارییەکەی ئەمڕۆی بارسێلۆنا دێمبێلی لەسەر کورسی یەدەگ دانیشتبوو – موندۆ دیپۆرتیڤۆ

* ریاڵ مەدرید دەیەوێت تاوەکو دوایین رۆژەکانی بازاڕی گواستنەوەی ئەم هاوینە چاوەڕێ بکات، ئینجا ئۆفەرەکەی خۆی پێشکەشی پاریس سانجێرمان بکات، بۆ ئەوەی یانە فەرەنسییەکە دەرفەتی نەبێت هەوڵی زیادکردنی نرخی هێرشبەرە فەرەنسییەکە بدات، بەرپرسانی ریاڵ مەدرید لەبەر ئەوەی پێیانوایە پاریس سانجێرمان ئەم هاوینە هەر چۆنێک بێت ئێمباپێ دەفرۆشێت و ئامادە نییە هاوینی داهاتوو بە گرێبەستێکی ئازاد بەخۆڕایی دەستبەرداری ئێمباپێ بێت، بۆیە تاوەکو ئێستا یانە مەدریدییەکە هیچ ئۆفەرێکی پێشکەشی پاریس نەکردووە و دەیەوێت تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە چاوەڕێ بکات کە رۆژی 31ـی ئەم مانگە دەرگای گواستنەوەی یاریزانان لە ئیسپانیا دادەخرێت – رادیۆ ماركا

* دوای ئەوەی لە یاریی بەرامبەر پاریس سانجێرمان، مارکۆ ڤێراتی لەلایەن لویز ئێنریکییەوە لەسەر کورسی یەدەگ دانرابوو، رۆیشتنی ئەو ناوەڕاستکارە بۆ یانەی هیلالی سعوودی نزیکتر بوو، کە جگە لە هیلال یانەی ئەهلی جەددەی سعوودیش دەیەوێت ڤێراتی بباتە ریزەکانی، مارکۆ ڤێراتی لەگەڵ یانەی هیلال رێککەوتووە بەڵام پاریس سانجێرمان ئامادە نییە بە کەمتر لە ٣٠ ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری مارکۆ ڤێراتی بێت ـ تۆتۆ مێرکاتۆی ئیتاڵیا

* چێڵسی دەیەوێت دوسان ڤلاهۆڤیچ هێرشبەری سڕبی یۆڤی بباتە ریزەکانی و یۆڤی ئامادەیی دەبرڕیوە گۆڕینەوە بکات لەگەڵ لۆکاکۆ، کە هێرشبەرە بەلجیکییەکە لەگەڵ یۆڤی لەسەر بەندە کەسییەکانی خۆی گەیشتووەتە رێککەوتن. یۆڤێنتۆس داوای 50 ملیۆن یۆرۆ دەکات لە بەرامبەر دەستبەرداربوونی لە ڤلاهۆڤیچ کە لە بۆرسەی یاریزانان نرخی ئەو هێرشبەرە 23 ساڵانە 70 ملیۆن یۆرۆیە، ئامادەیە بەرامبەر ڤلاهۆڤیچ 40 ملیۆن یۆرۆ و رۆمێلۆ لۆکاکۆ لە چێڵسی وەربگرێت ـ جیانلۆکا دی مازریۆ

* یانەی ریاڵ سۆسیدادی ئیسپانی بەفەرمی گواستنەوەی ئاندرێ سیلڤا هێرشبەری پۆرتوگاڵی لە لایپزیگی ئەڵمانییەوە بۆ ریزەکانی راگەیاند کە ئاندرێ سیلڤا بە خواستن بۆ ماوەی وەرزێک پەیوەندی بە یانە ئیسپانییەکەوە دەکات و هاوینی داهاتوو سۆسیداد دەتوانێت بە 10 ملیۆن یۆرۆ ئەو یاریزانە پۆرتوگاڵییە بکڕێتەوە. ئاندرێ سیلڤا لەگەڵ لایپزیگ لە 95 یاری 26 گۆڵ و 17 ئەسیستی کرد – پێگه‌ی ریال سوسیداد

* لۆکاس مۆرا کە ئەم هاوینە گرێبەستەکەی لەگەڵ تۆتێنهامی ئینگلیزی کۆتایی هات و یاریزانێکی سەربەستە، لەگەڵ یانەی ساوپاولۆی بەڕازیلی گەیشتە رێککەوتن و ئەو هێرشبەرە بەڕازیلییە تا کۆتایی ئەمساڵ دەچێتە ریزەکانی ئەو یانەیە و دوای 10 ساڵ جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە یانەی منداڵی خۆی کە هەر لەو یانەیە دەستی بە یاریی کردووە، به‌مه‌ش لۆکاس مۆرا دەچێتە پاڵ خامێس رۆدریگێز و بەیەکەوە درێسی ساوپالۆ دەپۆشن، ئه‌مه‌ش لەکاتێکدا ساڵی 2013 به‌رامبه‌ر 29 ملیۆن یۆرۆ ساوپاولۆی بەرەو پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بەجێهێشت – فابریزیۆ رۆمانۆ

عوسمان دێمێلی
عوسمان دێمێلی