سوودانی: لیژنەیەک سەرپەرشتی گفتوگۆکانی وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەکات

محەممەد شیاع سوودانی
محەممەد شیاع سوودانی

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆک وەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی کۆبوونەوەیەکی ئانجامدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژە یاسای نەوت و گاز، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییەکان و وەزیرانی دەرەوە و نەوت و پیشەسازی و راوێژکاری وەزیری سامانە سروشتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک راوێژکار و پسپۆڕی تەکنیکی و یاسایی.

سوودانی داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی وەزیرانی کرد بۆ سەرپەرشتیکردنی گفتوگۆ تەکنیکییەکانی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها بانگهێشتکردنی پارێزگارانی پارێزگا بەرهەمهێنەرە نەوتییەکانی بەسرە و میسان و کەرکوک و زیقار و بەڕێوەبەرانی گشتی کۆمپانیاکانی نەوتی وڵات بۆ گفتوگۆ تەکنیکییە بەردەوامەکان سەبارەت بە یاساکە، بە مەرجێک ئەو دیالۆگانە تەواوکەری دیالۆگی سیاسی بن بۆ ئەوەی رازی بن بە پێشکەشکردنی پڕۆژە یاساکە.

لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە دوایین رەشنووسی پڕۆژە یاساکە کرا، وردەکاری و بڕگەکانی و ئەوەی کە لیژنە تەکنیکی و یاساییەکان کاریان لەسەر کردووە بۆ گەیشتن بە پڕۆژە یاسای کۆتایی و ئامادەکاری بۆ پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە و پێشکەشکردنی بە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ یاسادانان بەپێی چوارچێوەی یاسایی و دەستووری.

سوودانی جەختی لەوە کردەوە، کە پڕۆژە یاسای نەوت و گاز یەکێکە لە یاسا بنەڕەتی و گرنگەکان و فاکتەری هێز و یەکگرتووییە بۆ عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ وڵاتەکە پێویستییەکی زۆری بە یاسادانان و سوود وەرگرتن لەم سامانە سروشتییە هەیە، لە هەموو بوار و کەرتەکاندا، هەروەها بەشداری یاسادانانی یاساکە لە چارەسەرکردنی زۆرێک لە کێشە هەڵپەسێردراوەکاندا دەکات.

سەرۆکوەزیران گوتیشی: یاساکە بەشێکە لە پابەندبوون بە بەرنامەی خوێندنی وەزیرانەوە کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەنگی لەسەر دراوە و بنەماکانی دەستووری لەبەرچاو دەگرێت، بە شێوەیەک کە مسۆگەری دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانی نەوت دەکات و واقیعی ئابووری لە جومگە جۆراوجۆرەکانیدا بەهێز دەکات و بەشداری دەکات لەو چاکسازییە ئابوورییەی کە حکومەت لە ئەولەویەتەکانیدا دایناوە.