ئێران پەردەی لەسەر کەشتیەکی نوێ لادا کە بەمووشەکی دوورمەودا پڕچەک کراوە
K24 - هەولێر
ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردەوە، هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران پەردەی لەسەر کەشتییە نوێیەکانی پڕچەک کراو بە مووشەکی مەودای دوور لادا.
لە میانی مانۆڕێکی سەربازیدا لە کەناراوەکانی دوورگەی ئەبو موسا، کە یەکێکە لە سێ دوورگەی کەنداو کە لەژێر دەسەڵاتی ئێراندان، کە ئیمارات بە خاکی خۆی دەزانێ، هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران پەردەی لەسەر کەشتییە نوێیەکانی لادا کە بەمووشەکی دوور مەودا پڕچەک کردووە، کە مووشەکەکان بە دووری 600 کیلۆمەتر دەروات.
ئاژانسەکە هەواڵی تەسنیمی ئێرانی وردەکاریی لەبارەی ئەو مووشەکانە نەخستەڕوو، بەڵام لە زاری عەلی ڕەزا تەنکسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانەوە ئاماژەی بە پێویستی بەرگریکردن لە دوورگەکان کردووە.
تەنکسیری گوتی: دوورگەکانی کەنداوی فارس بەشێکن لە شەرەفی ئێران و ئێمە بەرگری لێدەکەین، ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتانی ناوچەکە دەبێ بەرپرسیار بن لە ئاسایشی کەنداو.
دەشڵێت: کەنداوی فارس سەر بە هەموو وڵاتانی ناوچەکەیە، ئەو وڵاتانە دەبێ حیکمەت بەکار بهێنن و خۆیان نەخەنە پلانی پەرتەوازەیی کە وڵاتانی دەرەوەی ناوچەکە دایڕێشتووە.
مانگی رابردوو ئەمەریکا فڕۆکەی جەنگی ئێف 35 و ئێف 16ی زیاتری نارد بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش بۆ چاودێریکردنی ڕێڕەوی ئاوی سەرەکی ناوچەکە بووە، دوای ئەوەی ئێران لە چەند مانگی رابردوودا دەستی بەسەر کەشتییە بارهەڵگرەکانی بازرگانیدا گرت.