ژمارەی کورسی و کۆتاکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دیاریدەكرێت

K24 – هەولێر:
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارەی کورسی و کۆتاکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دیاریدەکات.
جومانە غەللای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی هەر پارێزگایەک 12 کورست دەبێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، هەر پارێزگایەک ژمارەی دانیشتووانی یەک ملیۆن زیاتر بێت، ئەوا بۆ هەر 200 هەزار کەسێک کورسییەک زیاد دەکرێت.
گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان سەبارەت بە پێکهاتەکان گوتیشی، کریستیانەکان 4 کورسی، کوردی فەیلی 2 کورسی، سابیئەکان 2 کورسی، ئێزدەییەکان یەک کورسی و کوردی شەبەکیش یەک کورسی پێ دەدرێت بە گوێرە دابەشبوونیان لەسەر پارێزگاکان.
بڕیاره رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق (بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بە بەشداریی زیاتر لە 23 ملیۆن دەنگدەر بەڕێوەدەچێت.