عێراق رەتیکردەوە سازشی لەسەر خاکەکەی کردبێت بۆ کوەیت

K24 - هەولێر

دوای رۆژێکی پڕ لە مشتومڕی جەماوەری و سیاسی، سەبارەت بەو تۆمەتانەی کە عێراق بەشێک لە زەوییەکانی بە کوەیت داوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، حکومەت پابەندە بە بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە دیاریکردنی سنوورەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، هەروەها رەتیکردەوە سازش لەسەر خاکی عێراق بکات، بەتایبەتی سەبارەت بە شاری ئوم قەسر.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "سنوورە وشکانییەکان لەگەڵ کوەیت بەپێی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش 883 بووە"، هەروەها حکومەت پابەندبوونی تەواوی خۆی دەردەبڕێت بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، سنوورە وشکانییەکان لەوەتەی بە فەرمی دانراون گۆڕانکارییان بەسەردا نەهاتووە، مشتومڕ و توڕەیییەکی بەرفراوان لە سۆشیال میدیادا دروستبوو، دوای ئەوەی تۆمەتەکان باس لەوە دەکەن کە کوێت کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی لە نزیک دەریایی ئوم قەسر دروست دەکات، لەگەڵ دانانی ستوونی سنووری، بەڵام حکومەتی ناوەندی و خۆجێیی بەسرە ئەمەیان رەتکردەوە.

ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسرە لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، ئەو شوێنانەی نیشتەجێبوون لە ناوچەیەک بوون کە بە کەرتی سنووری بەسرەدا تێدەپەڕێت، ناچاربووە بۆ قووڵایی خاکی عێراق بگوازرێنەوە. لەلایەکی دیکەوە، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، باسم ئەلعەوادی دەڵێت: دیاریکردنی سنوورەکان، بابەتێکی یەکلاییکراوەیە لە ساڵی 1994ەوە، هیچ گۆڕانکارییەک لە ڕێکارەکاندا نییە، و ئەو قەیرانەی کە سەریهەڵداوە لەم دواییانەدا بۆ ڕەشبگیری سیاسی بەکاردەهێنرێت.