ئێران مانۆڕێکی سەربازی لە دوورگەی ئەبو موسا ئەنجامدا

K24 - هەولێر
سوپای پاسداران بە بەشداریی یەکەی دەریایی خۆی و میلیشیای باسیج، مانۆڕێکی سەربازی لە دوورگەی ئەبو موسا ئەنجامدا، کە مەشقی لەسەر جێگیرکردنی هێزی شەڕکەر و بڵاوکردنەوەی بەلەمی نوێ و تەقاندنی مووشەکی کروز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرد.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێرنا رایگەیاندووە، کە ئامانجی ئەو مانۆڕانە دەرخستنی توانا و ئامادەیی بەرگری و شەڕی هێزە دەریاییەکانی ئێرانە، لە پاراستنی ئاسایشی کەنداو و دوورگەکان و بەکارهێنانی سیستەم و ئامێرە بەرهەم هێنراوەکانی ناوخۆیی لەخۆدەگرێت.
لای خۆیەوە ئاژانسی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، مەشقەکان بریتی بوون لە بڵاوکردنەوەی بەلەمی خێرای نوێ کە سەکۆی هەڵگرتنی مووشەکی کروز بە مەودای 600 کم هەیە. بەلەمەکان ناوی "حەجی"یان هەڵگرتووە، کە یەکێکە لە ئەندامانی سوپای پاسداران کە لە سووریا کوژراوە.

بەگوێرەی میدیاکانی سوپای پاسداران، ئەو مانۆڕانە بەناوی "ئیسحاق دارا"ەوە دەستیپێکردووە، کە ئەو فەرماندەیە لە کاتی شەڕی رووبەرروبونەوەی ئەمەەریکیەکاندا لە ناوچەی کەنداو کوژراوە.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، کە سوپای پاسداران مانۆڕەکانی "ئەلئیقتیدار"یان لە دوورگەی ئەبو موسا دەستپێکردووە، هەروەها لە دەوروبەری تونبەکانی گەورە و بچووک کە دەکەونە نزیک گەرووی هورمز، کە ئەو دوورگەیە یەک لەسەر پێنجی بەرهەمی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.
حوسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسداران وعەلیڕەزا تونگسیری فەرماندەی یەکەی دەریایی لە سوپای پاسداران پێش دەستپێکردنی مانۆڕەکە چوونە دوورگەی ئەبو موسا و لەوێ پەیامیان بۆ وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکییەکان نارد.
سەلامی لە سەرەتای مانۆڕەکاندا گوتی: ئێمە هەمیشە بەدوای ئاسایش و سەقامگیریدا دەگەڕێین و ئەمە رێبازی ئێمەیە، ئاماژەی بەوەشکرد، گەلی ئێران وەڵامی هەموو هەڕەشەکان و ململانێیەکی ناڕوون و ئاڵۆز و هەموو سیناریۆ ناڕوونەکان و هەموو کینەیەک دەداتەوە و دەشڵێت: "هەموو ململانێ و دووبەرەکی و گرژیەکان بەرهەمی سیاسەتی ئەمەریکا و قەوارەی سەهیۆنیەکانە".
تونگسیری هۆکاری ئەو مانۆڕە سەربازییە لەناکاوەی بۆ پێویستی ئێران بۆ بەرگریکردن، لە دوورگەکانی ئیماراتی داگیرکراو لە کەنداوی فارس گەڕاندەوە، گوتیشی: دوورگەکانی کەنداو بەشێکن لە شەرەفی ئێران، ئێمەش بەرگری لێدەکەین، ئێمە هەرگیز لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەمان لەرزۆک نابین، چونکە نەوەکانی داهاتوو لەسەر ئەوە لێمان خۆش نابن کە ئەوە وڵاتانی ناوچەکەن کە دەبێت بەرپرسیار بن لە ئاسایشی کەنداو.
