رێکخراوی فاو: بەهۆی جەنگەوە زیاتر لە 20 ملیۆن سوودانی بەدەست برسێتیەوە دەناڵێنن
K24 - هەولێر
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی بەدەست نەبوونی ئاسایشی خۆراکەوە دەناڵێنن، لە سوودان دوو هێندە زیادی کردووە، بەو پێیەی شەڕی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا نزیکەی چوار ملیۆن کەسی ناچار بە هەڵاتن کردووە، جا لە ناوخۆی وڵات بێت یان لە دەرەوەی وڵات.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان "فاو" لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند "زیاتر لە 20.3 ملیۆن کەس کە دەکاتە زیاتر لە 42%ی دانیشتوانی سوودان، بەدەست نەبوونی ئاسایشی خۆراکەوە دەناڵێنن".
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، بە بەراورد لەگەڵ ئەنجامی دوایین شیکاری کە لە مانگی ئایاری 2022 ئەنجامدرا، ژمارەی ئەو کەسانەی بەدەست نەبوونی ئاسایشی خۆراکەوە دەناڵێنن، نزیکەی دوو هێندە زیادیکردووە.
رێکخراوی فاو راشیگەیاند، "دۆخی سوودان بێ گومان مەترسیدارە، بە تایبەت کە نزیکەی 6.3 ملیۆن کەس لە قۆناغی برسێتی تونددان".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەو ویلایەتانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، ئەو ویلایەتانەن کە بەدەست ململانێی لایەنە شەڕکەرەکانەوە دەناڵێنن، لەوانە خەرتوم، باشوور و رۆژئاوای کۆردۆفان، ناوەڕاست و رۆژهەڵات، باشوور و رۆژئاوای دارفۆر، کە زیاتر لە نیوەی دانیشتووانەکەی رووبەڕووی برسێتی توند بوونەتەوە".
شەڕی سوودان لە 15ی نیسان لە نێوان سوپا بە سەرۆکایەتی عەبدولفەتاح ئەلبورهان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە سەرۆکایەتی محەممەد حەمدان دەقڵۆ سەریهەڵدا، تاوەکو ئێستا لانیکەم سی هەزار و 900 کەس گیانیان لەدەستداوە.
یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی و نوێنەری ناوچەیی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ لە رۆژهەڵاتی نزیک و باکووری ئەفریقا، عەبدولحەکیم ئەلواعر رایگەیاند، "ئەو ململانێیە لێکەوتەی توندی بۆ ئاسایشی خۆراکی ملیۆنان کەس هەبووە، خێزانەکان رووبەڕووی ئازارێکی بێ ئەندازە بوونەتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویستە رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ دەستوەردان بکات بۆ پشتگیریکردنی زیاتر لە ملیۆنێک جووتیار لەم وەرزەدا بۆ بەرهەمهێنانی خۆراکی پێویست بۆ گەلی سوودان".