بلینکن بۆ سەرۆکی نەیجەر: پابەندین بەگێڕانەوەی حکومەتی هەڵبژێردراو بۆ سەر دەسەڵات
K24 - هەولێر
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە سەرۆکی لەکارلادراوی نەیجەر، محەممەد بازوومی راگەیاندووە، "ئەمەریکا تاوەکو ئێستا پابەندە بەگێڕانەوەی حکومەتی هەڵبژێردراوی نەیجەر بۆ سەر دەسەڵات".
ئەمەریکا رایگەیاندبوو، نیازی هەیە بەشێک لەفەرمانبەران لە باڵیۆزخانەکەی لە نەیجەر بگوازێتەوە، ئەمەش دوای کودەتای سەربازی دێت لەو وڵاتە.
بەرپرسێکی ئەمەریکی گوتی: ئەمەریکا کارەکانی بەکراوەیی دەهێڵێتەوە، کۆمەڵێک فەرمانبەری گەورە هەر لەنەیجەر ماون و کارەکان ئەنجام دەدەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو فەرمانبەرانە لە رێگەی فڕۆکەیەکی بەکرێگیراوی وەزارەتی دەرەوە ئەمەریکا دەگوازرێنەوە نەک فڕۆکەی سەربازی، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە.
رۆژی چوارشەممە، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا رایگەیاند، ئیتاڵیا بە سێ فڕۆکە هاووڵاتیانی خۆی لە نیامی پایتەختی نەیجەرەوە گواستەوە وڵاتەکەی.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو، سوپای نەیجەر رایگەیاند، رژێمی محەممەد بازوم، سەرۆککۆماری نەیجەریان رووخاندووە، ئەوەش دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستبەسەرکردنی بازوم لە کۆشکی سەرۆکایەتی هات.